پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی: داوای ناوی ڕاگیراوانی کەیسی لالەزارمان کردووە، بەڵام ئاسایش وەڵاممان نادەنەوە

شەیری بکە لە:
پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی: داوای ناوی ڕاگیراوانی کەیسی لالەزارمان کردووە، بەڵام ئاسایش وەڵاممان نادەنەوە

دیمەنی دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار

ئاڤا نیوز

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ڕایدەگەیێنێت، چەند ڕۆژێکە داوای ناوی سەرجەم ڕاگیراوانی کەیسی لالەزاریان کردووە بۆ دابینکردنی پارێزەر، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: بەمەبەستی زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار ئێستا لە زیندانن، لە ڕۆژی دووشەممەوە 06-10-2025 ـەوە تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە ڕێگەی دادگاوە نووسراویان ئاراستەی ئاسایشی سلێمانی کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە. 

لێدوانی فەرمی: بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە ئاڤا میدیای وت، لە ڕۆژی دووشەممەوە داواکاریمان پێشکەش بە دادگای سلێمانی کردووە بۆ پێدانی ناوی سیانی ئەوانەی لەسەر کەیسی لالەزار دەستگیرکراون، ئامانجەکە ئەوەیە بۆ هەموو ئەو دەستگیرکراوانە پارێزەر دابین بکەین. دادگا داواکەی ئاراستەی ئاسایشی سلێمانی کرد، بەڵام ئاسایش تا ئێستا وەڵاممان ناداتەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش دەمێکە هەمان داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام ئاسایش وەڵامی ئەوانیش نادەنەوە.

بورهان ڕەشید دەشڵێت: ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە سەردانی لاهوور شێخ جەنگیمان کرد و ڕۆژی دواتر خێزانەکەی سەردانی کرد. بەڵام کاتێ دەچین بۆ لای لاهوور شێخ جەنگی ئێمە چەند پارێزەر بین هێندە ئەفسەرە لەگەڵمان دێنە ژوورەوە، جگە لەوەی لەژێر کامێرای تۆمارکراوی ڤیدیۆ و دەنگ ئەو دیدارانە دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە: ئاڤا میدیا پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانی کرد بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام وەڵامیی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

باکگراوند: شەوی 22ـی ئاب هێزێکی زۆری دژەتیرۆر و کۆماندۆ هێرشیان کردە سەر شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە تەنیشت هۆتێل لالەزار، بەو هۆیەوە خۆی و چەند کەسێکی نزیکی دەستگیرکران و چەند کەسێکیش کوژران و بریندار بوون.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ