لەم مانگە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکەوێتە کار

شەیری بکە لە:
لەم مانگە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکەوێتە کار

دیمەنی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە

ئاڤا نیوز

هەموو ڕێکارە تەکنیکییەکانی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو کراون و ڕۆژانە بۆرییەکان خاوێن دەکرێنەوە، بڕیارە لەم مانگە ئاو بگاتە سەنتەری قەزای قوشتەپە.

وێنە گەورەکە: ساڵانە قەزای قوشتەپە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە کەمکردنی ئاوی ژێر زەوی، ساڵی ڕابردوو قوڵی بیرێک لەو سنوورە گەیشتە 700 مەتر، ئەمساڵیش لە دەورووبەری هەولێر هەر بیرێک تا 550 مەتر بووە. کابینەی نۆیەم بە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لەسەر زێی بچووک ئەو ناوچەیە لە کەمئاوی ڕزگار دەکات.

لێدوانی فەرمی: ڕێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری هەولێر بە ئاڤا میدیای وت، هەموو ڕێکارە تەکنیکی و کارەباییەکانی پڕۆژەکە تەواو کراوە، تەنیا چەند کارێکی بچووکی ماوە، بە گشتی ئێستا 90%ـی پڕۆژەکە تەواو بووە. ڕۆژانە بۆرییەکان دەشۆردرێن و تێست دەکرێن، بەڵام ئاو ناچێتە ناو قوشتەپە تا ڕۆژی کردنەوە و ڕاگەیاندنی کە دەکەوێتە ئەم مانگەوە.

ڕێزان سەعدی دەشڵێت: لەم قۆناغە ئاو تەنیا دەگاتە سەنتەری قەزای قوشتەپە کە 48 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند دەبن. تا مانگی 12 ئاو دەگاتە گوندەکان بەمجۆرە بە کۆی گشتی 63 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند دەبن.

باکگراوند: پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی کابینەی نۆیەم، ڕۆژی 17-9-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەکەی بە گوژمەی 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار دانا. پرۆژەکە سێ کۆگای بە قەبارەی پێنج هەزار مەتر سێجای هەیە. 72 گوند لێی سوودمەند دەبن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ