کۆمیسیۆن هۆشداری دەدات: کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان تاوانە و سزاکانیشی تووندە

شەیری بکە لە:
کۆمیسیۆن هۆشداری دەدات: کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان تاوانە و سزاکانیشی تووندە

دیمەنی کارتێکی دەنگدان بە دەستی هاووڵاتیەکەوە. وێنە؛ میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کۆکردنەوە یان کڕینی کارتی دەنگدەران لەلایەن هەر لایەنێک یان کەسێکەوە تاوانێکی هەڵبژاردنە و سزای تووندی بەدواوە دێت. ڕوونیشی دەکاتەوە پاراستنی ئیرادەی دەنگدەر و پاک و بێگەردیی هەڵبژاردنەکان ئەرکێکی نیشتمانیی هاوبەشە.

وێنە گەورەکە: بڕیارە 11ـی 11ـی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بەتایبەت کارتی دەنگدان، دەنگدەران ڕۆژانە سەردانی بنکەکانی تۆماری کارتی بایۆمەتری دەکەن و کارتەکانیان وەردەگرنەوە.

لێدوانی فەرمی: نیبراس ئەبو سوودە، جێگری وتەبێژی کۆمیسیۆن، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "کۆمیسیۆن بە جددی بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەکات کە باس لە کۆکردنەوە یان کڕینی کارتی دەنگدەران دەکەن، چونکە ئەم کارانە هەوڵدانێکی مەترسیدارن بۆ کاریگەری خستنەسەر ئیرادەی دەنگدەران و زیان بە پاک و بێگەردیی هەڵبژاردنەکان دەگەیەنێت."

لە هەمان کاتدا: ئەبو سوودە ئاماژەی بەوەدا، لە ئەگەری سەلماندنی ئەم پێشێلکارییانەدا، کۆمیسیۆن کاندیدی سەرپێچیکار لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن دوور دەخاتەوە و دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا دەکات.

لەلایەکی دیکەوە: جێگری وتەبێژی کۆمیسیۆن ڕوونی کردەوە، کارتی دەنگدەر بە تەکنەلۆژیای پەنجەمۆری سێیەم پارێزراوە و تەنیا لەلایەن خاوەنەکەیەوە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت. دوای بەکارهێنانیشی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لە کار دەکەوێت.

زانیاریی زیاتر: ئەبو سوودە گوتیشی: کارتی دەنگدەر تەنیا بە دەنگدەر خۆی یان ئەندامێکی خێزانەکەی دەدرێت، دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان لە کارتی خۆراکدا، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە دەستکاریکردن یان مامەڵەکردن پێی. سزای یاسایی بۆ ئەم تاوانانە لەوانەیە بگاتە زیندانیکردن یان غەرامەکردن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پەنجەمۆری سێیەم (Triple Fingerprint) سیستەمێکی ئەمنیی پێشکەوتووە کە سێ جۆر پەنجەمۆر یان زانیاری بایۆمەتریی دیکە (وەک وێنەی دەموچاو یان پشکنینی گلێنەی چاو) پێکەوە بەکاردەهێنێت. ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر سەلامەتکردنی ناسینەوەی کەسەکە و زۆر زەحمەتتر دەبێت بۆ ساختەکردن یان دەستکاریکردن، بە بەراورد لەگەڵ تەنیا یەک جۆر پەنجەمۆر.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: پێشتر هادی عامری، ئەمینداری ڕێکخراوی بەدر لە دیالە قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و ڕایگەیاند، کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە "جێگەی شەرمەزارییە"، ئاشکراشی کرد کە بازاری کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان گەرمە و ئێستا نرخی یەک کارتی دەنگدان گەیشتووەتە 300 هەزار دینار.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ