کەمال محەممەد: لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی دوو هەزار مێگاوات کارەبا زیاد کراوە

شەیری بکە لە:
کەمال محەممەد: لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی دوو هەزار مێگاوات کارەبا زیاد کراوە

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکاڵەت

ئاڤا نیوز

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکاڵەت ئاشکرای دەکات، لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی دوو هەزار مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی زیادی کردووە، بەمەش بەرهەمی کارەبا گەیشتووەتە چوارهەزار و 500 مێگاوات.

وێنەگەورەکە: هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە چەند سەرچاوەیەک دەبەستێت، لەوانە وێستگەی غازی و وێستگەی ئاوی. بەشی هەرە زۆری کارەبای هەرێمی کوردستان لەڕێگای چەند وێستگەیەکی غازی دابین دەکرێت.

لێدوانی فەرمی: کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکاڵەت بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "لەم کابینەیە هەزار و 840 مێگاوات کارەبامان بۆ ناو تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد کردووە"، ئەمەش وای کردووە ئێستا بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بگاتە چوارهەزار و 500 مێگاوات کارەبا.

کەمال محەممەد ئەمانەشی بە ئاڤا وت:

- لە کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە سێ هەزار و 200 پرۆژەی دابەشکردنی کارەبایان جێبەجێکردووە، وەکو دانانی فیدەر بۆ گەڕەکە تازەکان و گوندەکان.

- 23 وێستگەی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون.

- لە کۆی گشتی یەک ملیۆن و 940 هەزار هاوبەش، ئێستا یەک ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش کارەبای 24 کاتژمێری هەیە. "پلانمان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم هاوبەشانمان لە کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان پێبگات، بەڵام پێشبینی دەکەین زووتریش لەو وادەیە کارەبا بگاتە هەموو کوردستان".

- لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ وەک تاقیکاری کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کرا، ئەگەر هیچ هەڵەیەک لە تۆڕی کارەبای ئەو دوو ئیدارەیە نەبێت، کارەباکەیان بە یەکجاری دەبێتە 24 کاتژمێری. دوای ئەوانیش، ڕاستەوخۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان کارەبای 24 کاتژمێرییان پێ دەدرێت.

- دوای گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری ئەو شار و ناوچانەی پێیان گەیشتوون، ئێستا خەرجی کارەبا لە 60%ـەوە بۆ 40% دابەزیوە. دەشڵێت، لە 84%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدەهێنرێت، وەزارەتی کارەبا بڕی ئەو کارەبایە لە کەرتی تایبەت دەکڕێتەوە، بۆیە پێویستە پارەی پێویستی لەبەردەستدا هەبێت، "تاوەکو بتوانین پارەی کارەبا دابین بکەین".

- لە قۆناغی پێش پرۆژەی ڕووناکی هاوبەشانی کارەبا یەک ترلیۆن و 700 ملیار دینار قەرزداربوون کە هەر پێنج جۆری هاوبەشەکە، وەکو "بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، میری، ماڵان" دەگرێتەوە. حکومەت نایەوێ بارگرانی بخاتە سەر هاوبەشانی و بە یەکجار ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە، بەڵام بەپێی میکانیزم و بە قۆناغ وەری دەگیرێتەوە.

- بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 200 مۆلیدە لە کوردستان کوژێندراوەنەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی تەواوی بەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە و ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە چاو ساڵانی ڕابردوو پاکتر بووەتەوە.

- لە ساڵی 2021 بڕگەیەکی تایبەت بە سیستمی سۆلاری (وزەی خۆر)ـمان لە یاسای وەزارەت هەمووار کردەوە، بەپێی ئەو سیستەمە هاوبەشانی کارەبا دەتوانن سود لە وزەی خۆر وەربگرن، وەزارەتی کارەبا لەو ڕێگەیەوە پاڵپشتییان دەبێت، هەروەها ئەو بڕەی کە زیاد لە پێویستی خۆیەتی و دەیداتەوە بە تۆری کارەبای نیشتمانی، "ئێمە بە وزە هاوکاریان دەبین".

- تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 مێگاوات کارەبای ماڵان کە لەڕێگەی سیستەمی سۆلار بەرهەمدێت، هاتووەتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ