دوو گرێبەستە گه‌وره‌كه‌ی نەوت و غاز دەچنە بواری جێبەجێکردنه‌وه

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دوو گرێبەستە گەورەکەی بوای نەوت و غاز کە بە بەهای 110 ملیار دۆلار بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکراوە، لە قوناغی یەکەمدا سەدان ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

وێنە گەورەکە: لە مانگی پێنجی ئەمساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ئەمریکا سەرپەرشتی واژۆکردنی دوو گرێبەستی غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی کرد بە ناوەکانی وێسترن زاگرۆس و  ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، دوای پێنج مانگ لەو بەروارە ئێستا دەست بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان کراوە.

زانیاریی زیاتر: کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس لە لە ناوچەی گەرمیان، لە کێڵگەی هاوبەشی تۆپخانە - کوردمیر کار دەکات کە کێڵگەکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، مەزەندە دەکرێت پێنج ترلیۆن مەتر چوارگۆشە گاز و زیاتر لە 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی تێدا بێت، بەهای گرێبەستە 70 ملیار دۆلارە.

- گرێبەستی دووەم لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجییە لە کێڵگەی گازی میران لە بازیان، ئەم کێڵگەیە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی تێدایە و بەهای گرێبەستەکە 40 ملیار دۆلارە. 

زانیاریی تایبەت: ئاڤا زانیویەتی چەند مانگێکە دوو کۆمپانیاکە خەریکی پلاندانان و ئامادەکارین، سەرەتای ساڵی داهاتوو 2026 دەست بە کارکردن دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە: د.کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی کوردستان بەوەکالەت بە ئاڤای ڕاگەیاند: قەرارە دوو کۆمپانیاکە لە کاتێکی نزیکدا دەست بە کارکردن بکەن، گرێبەستەکان هیچ گرفتێک و کێشەیەکی یاسایی نییە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەرەتا کار لە بنیاتنانی ژێرخان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن بە دوو جۆر:

یەکەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەکی بە خەڵک، وەکو دروستکردنی ڕێگا و قیرتاوکردن، پڕۆژەی ئاو، بنکەی تەندرووستی، قوتابخانە، مزگەوت و چەندین خزمەتگوزاری تر، بەپێی مەنتیقەکە پێویستی بە چییە؛
دواتر کار لەسەر بنیاتنانی ژێرخانی کێڵگەکان دەکەن، کەمپ دروست دەکەن بە هەموو خزمەتگوزارییەکانەوە.

لەوبارەیەوە یەکێک لە کۆمپانیاکان بە ئاڤای ڕاگەیاند:  لە گرێبەستەکاندا چەند خاڵێکی تایبەتە بە بەرەوپێشبردنی ئەو ناوچانە و سوودمەندبوونی خەڵک بەمشێوەیە؛-

- سەرجەم گرێبەستە لاوەکییەکان بە خەڵکی ناوچەکە دەدرێن، واتا گرێبەستی نێوان کۆمپانیای سەرکار و بەڵێندەرەکان، بۆنموونە دروستکردنی کەمپ و خۆشکردنی شوێنی بیرەکان و، گواستنەوەی کارمەندان و چێشتخانە و سکیوریتی و ئەمانە هەموویان بە خەڵکی ناوچەکە دەسپێردرێن و ڕاستەخۆ لێی سوودمەند دەبن.

- ڕەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆ خەڵکی ناوچەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بۆنموونە؛- کۆمپانیا پێویستی بە کارمەند و کرێکار بێت، ئەگەر لەو ناوچەیە دەست بکەوێت دەبێت ئەوان وەربگرێت، ئەگەرنا لە کوردستان، ئەگەر لە هیچ کوێیەکی کوردستان و عێراق نەبوو ئینجا ئەتوانێ لە دەرەوە خەڵک بهێنێت.

پەیوەست بەم بابەتەوە:
بە وتەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و  کریستۆفەر ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکان باسیان لەوەکرد: دوو کۆمپانیاکە دوو ساڵ و نیویان دەوێت تا دەست بە بەرهەمێنان بکەن، دواتر پڕۆژەکان زۆر فراوانتر دەبن و هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق سوودیان لێ دەبینن، غازی ئەو کێڵگانە بۆ ناوخۆی کوردستان بەکاردێن، ئەگەر زیادبوو بە عێراق دەدرێت، لە دوورمەودواش پێگەی کوردستان لە بازاڕی وزەدا بەهێزتر و چالاکتر دەکات.


تەنانەت وەزیری وزەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی: وەبەرهێنانی غازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ