کۆمیسیۆن: لە کاتی بانگەشە کەمترین پێشێلکاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون

شەیری بکە لە:
کۆمیسیۆن: لە کاتی بانگەشە کەمترین پێشێلکاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون

دیمەنی پۆستەری کاندیدان. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆتایی نزیک بووەتەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کردووە، هەرێمی کوردستان کەمترین سەرپێچی ڕێنماییەکانی هەڵبژاردنی لێ تۆمار کراوە.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی شەممە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. دوای ئەوەی لە 3ـی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردبوو، لە کاتێکدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تەواوی ئامادەکارییەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە و زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی 329 نوێنەر لە پەرلەمان.

لێدوانی فەرمی: د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاڤای ڕاگەیاند، زیاتر لە 600 پێشێلکاریی ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن لە عێراق تۆمار کراون. ئەگەرچی هێشتا ئاماری کۆتایی لەبەردەست نییە، بەڵام کەمترین پێشێلکاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ڕێژەکە زۆر زۆر کەمە.

د. عیماد جەمیل وتیشی: ڕۆژی شەممە، کاتژمێر 7ـی بەیانی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و ئەوانەی دوای ئەم کاتە سەرپێچی دەکەن، سزا دەدرێن.

لەلایەکی دیکەوە: نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: ناتوانین ئامارەکانی پێشێلکارییەکانی بانگەشە لە ئێستادا بە تەواوی ئاشکرا بکەین، چونکە ئامارەکان نوێ دەبنەوە و بەمزووانە هەمووی ڕادەگەیێنین.

زانیاریی زیاتر: کۆمیسیۆن دووپاتی کردووەتەوە تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانی خۆی بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی تەواو کردووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بڕیارە دەنگدانی تایبەت ڕۆژی یەکشەممە 9ـی ئەم مانگە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێبکات دواتر لە ڕۆژی 11ـی هەمان مانگ پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ