دوای ناڕەزایەتیی شۆفێران: وەرگرتنی "نایاسایی" پارە لە بازگەکانی کەرکووک ڕاگیرا

  • ڤیتی
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

دوای ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاریدا وەرگرتنی بڕی 100 هەزار دینار لە بازگەکانی چیمەن و دارەمان ڕابگرێت، بەڵام دیار نییە ئەم بڕیارەکە بۆ ڕاگرتنی پارەکە کاتییە یان نا.

 

چیرۆکی سەرەکی؛ ماوەیەکە لە هەردوو بازگەی کوالێتیی کۆنترۆڵی چیمەن و دارەمان، بڕی 100 هەزار دینار لە هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر وەردەگیرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شۆفێران دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە. بە گوتەی شۆفێران، ئەم پارەیە بە "زۆرەملێ و نایاسایی" لێیان سەندراوە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

 

یەکێک لە شۆفێران دەڵێت: "ئێمە هەر ماوەیەک و بە بیانوویەک یەخەمان دەگرن. ئەم بڕە پارەیە قبوڵکراو نییە و بە زۆر لێمان وەردەگرن. ئەوان خاوەن دەسەڵاتن و ئێمە بێ دەسەڵاتین."

 

شۆفێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بارگرانییە داراییە نوێیە زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنێت و لەوانەیە ناچاریان بکات واز لە کارەکەیان بهێنن. ئەوان باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای کەرکووکدا 9 قەپان، 4 بازگە و 2 سۆنار هەن، کە هەریەکەیان بەشێوەیەک بوونەتە بار بەسەر شانیانەوە.

 

زانیاریی زیاتر؛ یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ناڕەزایەتی شۆفێران ئەوەیە کە ئەم پارەیە تەنانەت لەو بارانەش وەردەگیرێت کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دێنە کەرکووک و بۆ شارەکانی تری عێراق دەڕۆن.

 

شۆفێرێک بە تووڕەییەوە دەڵێت: "بەرهەمەکەم لە ناوخۆی کوردستانەوە هێناوە، نەک لە دەرەوەی عێراق. ئەمە زۆر نایاساییە. ناکرێت هەرێمی کوردستان وەک دەرەوەی عێراق سەیر بکرێت. ئەمە بە ڕۆژی ڕووناک زوڵممان لێدەکرێت."

هەروەها شۆفێرێکی تر جەخت دەکاتەوە: "ئەم پارەیە بە هەموو جۆرێک نایاساییە، چونکە ئێمە بارەکانمان لە ناوخۆی وڵات بار دەکەین و لێرەش ساغی دەکەینەوە، نەک لە دەرەوەی وڵاتەوە هێنابێتمان."

 

لەلایەکی دیکە؛ جگە لە نایاسایی بوونی پارەکە، شۆفێران گومانیان لە میکانیزمی وەرگرتنیشی هەیە. بەپێی قسەی ئەوان، لە کاتی پێدانی پارەکە، بارکۆدێک لەسەر پسووڵەیەک پێیان دەدرێت کە گوایە وەک بەڵگەی پارەدانە. بەڵام کاتێک هەوڵی سکانکردنی بارکۆدەکە دەدەن، هیچ زانیارییەک یان ئاماژەیەک بە پارەدانەکە نیشان نادات.

 

چی ڕوویدا؟ لە ئەنجامی فشار و ناڕەزایەتییەکاندا، ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاری داوە ئەو بڕە پارەیەی کە لە یەکەم رۆژی دەنگدانەوە تاوەکوو  ئێستا لێیان وەرگیراوە ڕابگیرێت. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەم بڕیارە کاتییە و دوای ماوەیەک دەست پێدەکاتەوە، یان بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی بەو ڕسومە هێنراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ