پەیامی تازەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کورد لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق

شەیری بکە لە:
پەیامی تازەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کورد لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق

دیمەنی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی

ئاڤا نیوز

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەڵێت، لە کۆتا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و  نووری مالیکیدا باس لە پۆستی سەرۆککۆمار کراوە کە پارتی و یەکێتی بە بەرکەوتەی هەڵبژاردن و شایستەی خۆیانی دەزانن، بەڵام ئەوان هەوڵی چارەسەری ئەو ناکۆکییە دەدەن و داوا لە کورد دەکەن بە یەک کاندیدی هاوبەشەوە بەشداریی لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا بکەن.

وێنە گەورەکە: چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو سەرجەم ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن تەواوبکرێن و دادگای فیدراڵیش ناوی کاندیدە براوەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پەسەند بکات، لە هەنگاوی دواتریشدا سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سووننەکان و سەرۆککۆمار لە پشکی کورد هەڵدەبژێردرێت، دواتریش سەرۆککۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت.

لێدوانی فەرمی: عامر فایز، سەرۆکی فراکسیۆنی تەسمیم و یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئاڤای ڕاگەیاند، لەسەر بنەمای توانا، دەستپاکی، ناوبانگی باش و پابەندبوون بە کارنامەی هاوپەیمانێتییەکەیان و پێشکەشکردنی ڕوانگەیەک بۆ چارەسەری ئاستەنگە سەرەکییەکانی وڵات، لیژنەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران لەکارەکانی بەردەوامە و شیاوترین کاندیدەکان دەخاتە بەردەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

وتیشی، ئەوانەی دەڵێن چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار دادەمەزرێنێت نەک سەرۆکوەزیران، ئەوە هەوڵێکی میدیاییە بۆ تێکدان و سەرلێشێواندنی ڕای گشتی لەبارەی ئەم بابەتە، چونکە سەرۆکوەزیران بەگوێرەی ڕێکاری دەستووریی دادەنرێت و هاوپەیمانێتییەکەیان بەهیچ شێوەیەک نایەوێت هەژموونی خۆی بەسەر پۆستەکەدا بسەپێنێت یان دەسەڵاتەکانی سنووردار بکات.

لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی کۆبوونەوەکەی 22ـی ئەم مانگەی نێوان سەرۆک بارزانی و  نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، عامر فایز وتی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمار و چارەسەری ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە کراوە، "ئێمەش کار دەکەین بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە یەک کاندید بێنە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار".

زانیاریی زیاتر: لەبارەی ناوی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی فایز وتی، هەموو ئەوانەی لە میدیاکان باس دەکرێن بە فەرمی پێشنیاز نەکراون لەناویشیاندا نووری مالیکی، هەرچەندە لەوانەیە بەشێک لە زانیارییە دزەپێکراوەکان ڕاست بن بەڵام فەرمی نین و لەسەر ئەو بنەمایەش ناکرێت هەڵوێست و بۆچوونیان لەسەر بدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ