ڕێکخراوی بەدر بۆ ئاڤا: چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا ناوی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیرانی تاوتوێ نەکردووە

شەیری بکە لە:
ڕێکخراوی بەدر بۆ ئاڤا: چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا ناوی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیرانی تاوتوێ نەکردووە

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

ئاڤا نیوز

سەرکردەیەکی ڕێکخراوی بەدر ڕایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا ناوی هیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران تاوتوێ نەکردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا بڵاودەبنەوە، ڕەنگدانەوەی دۆخی ڕاستەقینەی پڕۆسەکە نییە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: چوارچێوەی هەماهەنگی میكانیزمێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیران داناوە، كە لە ڕێگەی دوو لیژنەوە جێبەجێ دەكرێت: یەكێكیان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوی دیكەیان بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر شایستە پەرلەمانییەكانە.

لێدوانی فەرمی: محەممەد بەیاتی، سەرکردە لە ڕێکخراوی بەدر، لە لێدوانێکدا بە ئاڤای ڕاگەیاند، "لیژنە تایبەتەکەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، تا ئێستا هیچ ناوێکی کاندیدکراوی تاوتوێ نەکردووە و هیچ چاوپێکەوتنێکیش لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەکراوە کە خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە." ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لیژنەکە هێشتا لە قۆناغی ئامادەکاری و هەماهەنگی ناوخۆیی دایە.

پێدراوە ڕاستەکان: بەگوتەی بەیاتی، ئەو زانیارییانەی لە میدیاکاندا بڵاودەبنەوە، ڕەنگدانەوەی دۆخی ڕاستەقینەی پڕۆسەکە نییە. چوارچێوەی هەماهەنگی گرنگییەکی زۆر بە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەدات و هەر هەنگاوێکی پێشوەختە دەبێتە هۆی تێکدانی پڕۆسەی سیاسی.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: پێشتر عامر فائز، سەرۆکی فراکسیۆنی تەسمیم، بە ئاڤای ڕاگەیاندبوو، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتی بە پێوەرگەلێک بەستووە بۆ هەڵسەنگاندن و قبووڵکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران، لەوانەش: لێهاتوویی، پاکوخاوێنی، شەفافیەت، ناوبانگ و ڕاستگۆیی. ئەم پێوەرانە بەپێی ڕێژەیەکی دیاریکراو هەڵدەسەنگێنرێن.

لەهەمان کاتدا: فائز بە تووندی ڕەتی کردەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار هەڵدەبژێرێت، نەک سەرۆکوەزیرانێک. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بەپێی دەستوور دەبێت.

شەیری بکە لە: