شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆكی بەرەی توركمانی بە شێوەیەكی بەرنامەداڕێژراو هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە کەرکووک دەدات

شەیری بکە لە:
شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆكی بەرەی توركمانی بە شێوەیەكی بەرنامەداڕێژراو هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە کەرکووک دەدات

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، سەرۆكی بەرەی توركمانی بە شێوەیەكی بەرنامەداڕێژراو هەوڵی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری لە کەرکوک دەدات، داواشی لێ دەكات، شكست و دابەزینی دەنگەكانی حیزبەكەی لە دوایین هەڵبژاردن، بە نانەوەی پشێوی و دووبەرەكی لەنێوان پێكهاتەكان دانەپۆشێت و سنوورێك بۆ زێدەڕۆییەكانیان دابنێن.

گرفتەكە چییە: محەممەد سەمعان، سەرۆكی بەرەی توركمان، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، وێنەیەكی خۆی لە گەڕەكی شۆرجە دانابوو، بەبێ ئەوەی خۆی كاندید بێت و ئەو گەڕەكەش تەواوی دانیشتووانەكەی كوردن و تەنانەت یەك دەنگدەری حیزبەكەی لەو گەڕەكە نین، ئەو كارەی بووە هۆی ئەوەی وێنەكەی بسووتێنرێت و گرژی دروست ببێت. هەر لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن؛ لەسەر ڕێگەی بەغدا، لەلایەن ئەندامانی بەرەی توركمانی و بە ئاڕاستەكردنی محەممەد سەمعان، هێرشكرایە سەر كەژاوەی ئۆتۆمبێلی حیزبە كوردییەكان و هەوڵیاندا سووكایەتیی بە ئاڵای كوردستان بكەن و ئازاری گەنجە كوردەكان بدەن.

هاوكات لە شارۆچكەی پردێ، هەوڵیاندا هێرشبكەنە سەر گەنجێكی كورد و ئاڵاكەی لێ بسێنن و بیدڕن، ئەوكات لایەنە كوردییەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك، لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئارامی شارەكە، دۆخەكەیان هێور كردەوە. دواین هەوڵیش؛ لەڕێگەی ناردنی کۆمەڵێک گەنج و دانانی ئاڵای عێراق لە گەڕەکە کوردییەکان و نووسینی ناوی خۆی لەسەر ئاڵاکە بۆ دنەدانی گەنجانی کەرکووک؛ كە گومان دەكرێت هەر خۆیان ئاڵاكەیان سووتاندبێت بۆ دروستكردنی پشێوی و تێكدانی نێوانی پێكهاتەكان.

لێدوانی فەرمی: د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە ئەژماری فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، ماوەیەکە سەرۆکی بەرەی تورکمانی، بەشێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو هەوڵی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری لە شاری کەرکوکدەدات، ئەو كردەوانە لەگەڵ پێگەی سەرۆكی حیزبێک ناگونجێت کە دەبێت ئەرکی لەپێشینەی؛ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و برایەتی نێوان پێکهاتەکان بێت بەتایبەتی لە شارێکی وەک کەرکووک كە شاری فرە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆكی بەرەی توركمانی، دوایین جار كۆمەڵێك گەنجی نارد و  ئاڵای عێراقیان بەرزکردەوە لە گەڕەكە كوردییەكان و نووسینی ناوی خۆی لەسەر ئاڵاكە بۆ ئیستفزازكردنی گەنجانی كەركووك، گومان دەكرێت هەر خۆیان ئاڵاكەیان سووتاندبێت بۆ دروستكردنی پشێوی و پێكدادانی پێكهاتەكان، دڵنیام بە چاوکراوەیی خەڵکی بەشەرەفی شارەكە لەسەرجەم پێکهاتەکان، ئەو خەونەی سەرۆکی جەبهەی تورکمانی لە گۆڕ دەنێین.

زانیاریی زیاتر: جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆكی بەرەی توركمانی دەكات، شکست و دابەزینی دەنگەکانیان لە دواین هەڵبژاردن، بە نانەوەی پشێوی و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکان دانەپۆشن و لەئاست بەرپرسیاریەتی و هەستیاری دۆخی شاری كەركووك بن و سنوورێک بۆ زیادەڕوییەکانیان دانێن . 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ