ئاڤا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەو شاندە باڵا ئەمنییە بڵاو دەكاتەوە كە سەردانی كۆرمۆری كرد

شەیری بکە لە:
ئاڤا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەو شاندە باڵا ئەمنییە بڵاو دەكاتەوە كە سەردانی كۆرمۆری كرد

کۆبوونەوەی شاندی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆرمۆر

ئاڤا نیوز

كۆبوونەوەی شاندە باڵا ئەمنییەكەی كوردستان و عێراق لە كێڵگەی كۆمۆر كۆتایی هات و ئاڤا میدیا ناوەڕۆكی ڕاسپاردە و بڕیارەكانی نێو كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات.

چیرۆكی سەرەكی: نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 28-11-2025، شاندێكی باڵای ئەمنیی كوردستان و عێراق كە دوێنێ بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوەی لە هێرشەكەی شەوی سێشەممەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پێكهات، سەردانی كێڵگەكەیان لە سنووری چەمچەماڵ كرد و ماوەی دوو كاتژمێر بە ئامادەبوونی تیمێكی پسپۆری سەربازی و ئەمنی و نوێنەری كۆمپانیای دانەگاز كۆبوونەوە، شاندە باڵاكە ئەندامانی لیژنە باڵاکە پێکهاتوون لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق. حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.


زانیاریی پەیامنێر: ئارام جەمال، پەیامنێری ئاڤا میدیا لە كەركووك ڕایگەیاند: شاندە باڵا ئەمنییەكەی كوردستان و عێراق زیاتر لە دوو كاتژمێر لەنێو كیڵگەی كۆرمۆر كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا جگە لە بەدواداچوونی ورد بۆ هۆكار و سەرچاوەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر، بڕیاری گرنگیش سەبارەت بە دۆخی كێڵگەی غازی كۆرمۆر دراوە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا میدیا زانیویەتی كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە،ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هەرچوار پارێزگای كەركووك، سەڵاحەدین، سلێمانی و دیالە دروست بكرێت، ئەم ژوورە هاوبەشە هێزێكی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەكانی هەر چوار پارێزگا پێكدەهێنێت، هاوكات ژوورێكی هەواڵگریی هاوبەشیش پێكدەهێندرێت.

قووڵتر: لەمەودوا ئاسایش و پاراستنی كێڵگەی كۆرمۆر و سەرجەم ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی دەكەونە سنووری هەر چوار پارێزگاكە، لە ئەستۆی ئەو هێزە هاوبەشە ئەمنییە دەبێت.

لەلایەكی دیكەوە: نوێنەری كۆمپانیای دانەگاز لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە و مەرجی كۆمپانیاكە بۆ بەردەوامبوون لە  كاركردن ئەوە بووە كە دەبێت بۆ لەمەودوا گەرەنتی پارێزراویی كارمەند و تیمەكانی كۆمپانیاكە بدرێت كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ