بەرەی گەل: "کەیسی لالەزار" بەشێک دەبێت لە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێ

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

سەرکردەیەکی بەرەی گەل دووپاتی کردەوە، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی هیچ لایەنێک ڕەت ناکەینەوە و کەیسی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار بەشێک دەبێت لە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێ.

 

چیرۆکی سەرەکی: زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، گەڕێکی دیکەی دانووستانی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بەڕێوەدەچێت.

 

لێدوانی فەرمی: شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، بە ئاڤا میدیای گوت: گفتوگۆی هیچ لایەنێک ڕەت ناکەینەوە، تەنانەت یەکێتیش کە هەموو ئەوەی بەسەری هێناوین، ئەگەر داوای گفتوگۆمان لێبکات ڕەتی ناکەینەوە.

 

-بۆ بەشداری لە حکومەت داوای هیچ پۆستێکمان نەکردووە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە تا چەند بەرنامەی ئێمە لە کابینەی نوێ جێگەی دەبێتەوە.

 

-پێشتر شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کردین، ئێمە تەئکیدمان کردەوە حکمومەتی هەرێمی کوردستان یەک حوکمەت بێت، هەموو دامەزراوەکان یەکبخرێن، ئێمەش پاڵپشتی چاکسازییەکان دەکەین.

 

بەتەنیشت ئەم بابەتەوە: شادمان مەلان حەسەن دەربارەی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار گوتی: کەیسی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار بەشێکی گفتوگۆکانمان دەبێت.

 

-هەموو چەک و هێزە سەربازییەکانی پارێزگای سلێمانی بەشدارییان لە هێرشی سەر لالەزار کردووە، هەموو ئەو چەکانەی لەبەردەستیان بووە بەکاریان هێناوە.

 

-داوامان کردووە کەیسی لاهوور شێخ جەنگی بۆ هەولێر بگوازرێتەوە، چونکە سەرۆکی یەکێتی چەندین جار گووتوویەتی باوەڕم بە دادگا نیە، یەکێتیش هەژموونی بەسەر هەموو سلێمانی هەیە و بە دادگاکانیشەوە.

 

-جگە لەو خەڵکەی لە لالەزار دەستگیر کراون، خەڵکی دیکەش لە شوێنی دیکەی سنووری سلێمانی و گەرمیان دەستگیر کراون لەبەر ئەوەی لە بەرەی گەل و لاهوور شێخ جەنگی نزیک بوونە، و تا ئێستاش هیچ لە گیراوانی لالەزار نەبرادراونەتەوە بەردەم دادوەر.

 

-هەموو ڕێکارێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی و مەدەنیمان، بۆ ئازادکردنی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار گرتووەتەبەر بەڵام هەموو هەوڵەکان لە یەک بازنە دەسوڕێنەوە.

 

باکگراوند:  بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 2025-08-22،  هێزێکی زۆری کۆماندۆ و دژە تیرۆری یەکێتی، بەمەبەستی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار و شوێنی حەوانەوەی ناوبراو، دوای شەڕێکی قورس کە جۆرەها چەکی قورسی تێدا بەکارهات و  نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند، ژمارەیەک چەکدار لە هەردوولا کوژران و برینداربوون، لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای و ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لەلازار بوون دەستگیر کران.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ