بە ڤیدیۆ؛ دانپێدانانی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە خەبات: پێیان وتم وێستگەی کارەبا و پاڵاوگەی نەوت بسووتێنین

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی تۆمەتباری پشێوییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی قەزای خەبات و گوندی لاجانی بڵاو کردەوە. لە دانپێدانانەکەدا تۆمەتبار دەڵێت، سەرەتای ساڵی 2025ەوە لەلایەن جەوهەر ئاغای هەرکی ڕاسپێردراوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ "کەتائیبی سەید شوهەدا"ی حەشدی شەعبی.

 

وێنە گەورەکە: ڕۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەم، گرژی و ئاڵۆزی لەسەر ڕێگەی گوێڕ- هەولێر لە نزیك گوندی لاجان دروستبوو، كۆمەڵە کەسێک رێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتیانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بەسەر خەڵک و ڕێبوارانی ئەو ڕێگایەدا کرد، لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا دوو کەس و گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەک کەسی تریش بریندار بوون.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوێرەی دانپێدانەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان، تۆمەتبار ناوی نێچیروان عیسا میر-ە، کە پێشتر بەرپرسی کۆمیتەی 14ی قەزای خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، تەمەنی 34 ساڵە و دەرچووی بەشی وەرگێڕانە، بە تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندان و توندوتیژی لە سنووری هەولێر دەستگیر کرا.

 

دەقی دانپێدانەکەی تۆمەتباری گرژییەکەی قەزای خەبات و گوندی لاجان:

 

دەستپێکی 2025 وەلید پیرۆ خواجە تەلەفونی بۆ کردم و وتی وەرە بۆ سلێمانی جەوهەر ئاغا پێی خۆشە بتبینێت بۆ مەوزوعێک. چوومە سلێمانی، جەوهەر ئاغا پێی وتم: تەنسیقمان لەگەڵ کەتائیبی سەید شوهەدای حەشدی شەعبی کردووە و دەبێ سەرپەرشتیی گرووپێک بکەی لە سنووری هەولێر، پێی وتم سبەی بڕۆ موسڵ، لەوێ کەسێک دەبینی ناوی ئەبو فیراسە، یەکێکە لە فەرماندەکانی کەتایبی سەید شوهەدا و تەنسیقی تۆ لەگەڵ ئەو دەبێ. ڕازی بووم.


ڕۆژی پاشتر بەڕێگای کەرکووک - تکریت چوومە موسڵ و لە ماڵی جەوهەر ئاغا ئەبو فیراسم بینی.  ئەبو فیراس پێی وتم، وردەکارییەکان دەزانی؟، وتم نا، وتی تەدریب بە 135 کەسی ئێوە دەکەم. بۆ هەواڵگری کەتائیبی سەید شوهەدا، بۆ تەقەکردن و چاودێریکردن، ئەمانە ئیشیان ئەوەیە هەر کات ئاڵۆزییەک کەوتە ناو هەولێر ئێمە هانیان دەدەین خۆپیشاندان بکەن.


ڕۆژی دواتر لەو 135 دوای کردبوو سەرەتا 35 کەسم بۆ نارد. لە کەتائیبی سەید شوهەدا دەورەیان پێکردن و دواتریش ئەوانی دیکە چوونە دەرەوە. دوای دروستبوونی گرژیەکانی گوندی لاجان وەلید تەلەفونی بۆ کردم وتی: وەرە سلێمانی، جەوهەر ئاغا دەیەوێت تۆ ببینێ. ڕۆژێک دواتر توانیم جەوهەر ئاغا ببینم. جەوهەرم بینی و پێی وتم، خۆت دەزانی ئێمە لەگەڵ کەتائیب داین و ئەوانیش تەقسیریان نەکردووە، دەبێ ئێمەش لەگەڵیان هاوکار بین.


جەوهەر ئاغا وتی، کەتائیب و هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بەرنامەیەکیان داناوە، پێویستە خۆپیشاندان لە سنووری هەولێر بکەن، هەر کات خۆپیشاندانەکە کرا، تۆ سەرپەرشتی دەکەی، منیش ڕازی بووم.


پێی وتم، فەرمانگەی حکومی، وێستگەی کارەبا، پاڵاوگەی نەوت هەرچیتان کەوتە بەردەست بیسوتێنن و تەقینەوەش بکەن خەڵک بە کوشت بدەن و موهیم ئەوەیە کەتائیب سەید شوهەدا ڕازی بن، ئەوان بڕێک پارەمان پێ دەدەن نابێ ڕێگا بدەین ئەو پارەیە ببڕێت.


دوای ئەوەی گرژییەکانی لاجان ڕوویاندا، ڕۆژی یەکەم وەلید تەلەفونی بۆ کردمەوە، وتی، ئەمری جەوهەر ئاغایە جارێ بەس خەڵک هان بدەن، پۆستیان لەسەر بکەن. جارێ مەچوونە ناو خۆپیشاندەرانەوە. ڕۆژی دواتر وەلید تەلەفونی کردەوە وتی، بڕۆنە سەر پردی باستام لە ڕێگای موسڵ خەڵک هانبدەن، ئەگەر خەڵک تۆ ببینن لەناو خۆپیشاندەران ئەوانیش دێن. کاتێ چووم هێشتا 40 بۆ 50 جحێڵەک هاتبوون، لەوێ هەندێ کەناڵی ڕاگەیاندن وەریانگرتم و لێدوانم بۆ دان و خەڵکم هاندا بێنە ناو خۆپیشاندەران، ئەوەبوو خەڵک هات و قەرەباڵغ بوو. کات دەرنگی کرد بووبە سەعات پێنج بۆ پێنج و نیو، خەڵکی ئێمە دەستی بە تەقە کرد، یەکەمجار تەقەمان لە ناوچەی پارتی کرد، دواتر قەپانمان سووتاند، ئینجا سەنتەری لاوانی کەڵەک سووتا دواتریش هەندێ کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی.


دواتر هەرکی جەوهەر ئاغا واتا کوڕی جەوهەر ئاغا سەعات حەوت تەلەفونی بۆ کردم وتی، لە کوێێ؟ وتم لەناو خۆپیشاندەرانم، وتی، ئاسایش پێی زانیوە و زوو خۆت دەرباز بکە بە ڕێگای موسڵ بڕۆ تکریت و لەوێشەوە بۆ کەرکووک و وەرە سلێمانی. کاتێ چوومە ڕێگای موسڵ بینیم داخرابوو، ئاسایش هەموو ڕێگاکانی داخستبوو. گەڕامەوە و هاتمەوە چوومە گرەدەڕەشە لەوێوە بۆ 120 مەتریی هەولێر بۆ ئەوەی بە ڕێگای قوشتەپە بچمە کەرکووک، بەڵام هەر کە لە قوشتەپە دەرچووم ئاسایش دەستگیریان کردم.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: