ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و عێراق دەستپێدەکات

شەیری بکە لە:
ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و عێراق دەستپێدەکات

ژمارەیەک قوتابی لە زانکۆی ڕاپەڕین

ئاڤا نیوز

دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئامادەکاریی و گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەمڕۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان و عێراق دەستپێکی وەرگرتنی قوتابیانیان لە زانکۆکانی یەکتریدا ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش 105 قوتابی کوردستان لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشوور و 266 قوتابی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستیش لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیراون.

وێنە گەورەکە: بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و کوردستان و بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتورییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان قوتابیانی کورد و عەرەب، لە ئەمساڵەوە وەرگرتنی قوتابیانی یەکتر لە زانکۆکانی هەردوولا دەستپێدەکات، وەک هەنگاوی یەکەم و بۆ ئەمساڵ 100 قوتابی خوێندنی باڵا و 400 قوتابی لە زانکۆ وەردەگیرێن.

لێدوانی فەرمی: نەعیم عەبدوی، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لە بەغدا ڕایگەیاند، مانگی ئایاری ئەمساڵ ڕێککەوتن کرا کە قوتابیان لەسەرجەم بوارە جیاوازەکان لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و عێراق وەربگیرێن و بخوێنن.

- وتیشی، لەو چوارچێوەیەشدا لە سەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە لە زانکۆکانی باشوور و ناوەڕاستی وڵات 105 قوتابی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، لە بەرامبەریشدا 266 قوتابی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیراون، ئەوەش دەستکەوتێکی گرنگە چونکە ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1991ەوە ڕاگیرابوو و ئەم ئاڵوگۆڕی زانستی و کلتورییە دەستکەوتێکی گەورەیە.

-  ئەو قوتابیانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کە دەچنە زانکۆکانی کوردستان بە زمانی کوردی دەخوێنن و قوتابیانی کوردستانیش لە زانکۆکانی عێراق بە زمانی عەرەبی دەخوێنن.

- لەبارەی داننان بە بڕوانامەی زانکۆ ناحکومییەکانیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، نەعیم عەبدوی وتی، بەغدا مامەڵەی هاوشێوە دەکات و هەرکاتێک وەزارەتی خوێدنی باڵای کوردستان دانی بە بڕوانامەی زانکۆ ناحکومییەکانی عێراقدا نا، ئەوانیش دان بە بڕوانامەی زانکۆ ناحکومییەکانی کورستان دەنێن.

- لەبارەی کێشەی تاقیکردنەوەی قوتابیانی کوردیش لە زانکۆکانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق وتی، هەر قوتابییەک بە چ زمانێک خوێندبێتی هەر بەو زمانە تاقیکردنەوە دەکات، بۆیەش قوتابیانی کورد بە زمانی خۆیان تاقیکردنەوە دەکەن و لەم بارەیەوە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت.

- لە وەڵامی پرسیارێکی دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤاش لە بەغدا کە ئایا ئەم ڕێککەوتنە بە گۆڕانی حکومەت و وەزیرەکان ڕاناگیرێت و هەر بەردەوام دەبێت؟، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق وتی، ئەم ڕێککەوتنە بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان کراوە و پەیوەندی بە گۆڕانی حکومەت و وەزیرەکانەوە نییەو بۆ ساڵانی داهاتووش هەر بەردەوام دەبێت.

 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ