وەزارەتی ناوخۆ ئاماری زیانەکانی لافاوە بەهێزەکەی لە سەرتاسەری کوردستان بڵاو کردەوە

شەیری بکە لە:
وەزارەتی ناوخۆ ئاماری زیانەکانی لافاوە بەهێزەکەی لە سەرتاسەری کوردستان بڵاو کردەوە

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وردەکاری و قەبارەی زیانەکانی بارانبارین و لافاوی دوو ڕۆژی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند. زۆرترین زیانیش بەر قەزای چەمچەماڵ کەوتووە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی  وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دوایین دۆخی زیانەکانی دابارین و لافاوەکانی 24 دوو ڕۆژی ڕاگەیاند کە بەمجۆرەی خوارەوەن: 

 

پارێزگای هەولێر:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، لە سەنتەری شار 25.6 ملم باران بووە، بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنها ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە و  لە گوندی قەریتاغ سەر بە ناحیەی شەمامک، شەش ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان. 

پارێزگای سلێمانی:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، نزیکەی 61.3 ملم بووە و لەو ڕۆژەدا هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 9-12-2025، بارانێکی بەلێزمە باری و چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەرین ئاو چووتە ماڵیان و زیانیان پێگەیشتووە.


لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی و شۆرش، ڕێژەی دابارینی باران بەشێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی چوار کاتژمێر لە  بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە. 

 

زیانە سەرەتاییەکانیش بەم شێوەیەن:

 
1-  دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. 
2- کەسێک لە ناو لافاوەکە بووە و تووشی تەنگەنەفەسی بووە، بارودۆخی ناجێگیرە.
3- یەک کەس بێسەروشوێنە.
 4- دەیان ئۆتۆمبیل ئاو بردوویەتی و زیانیان پێکەوتووە.
5- چەندها گەڕەک و ماڵ ئاو چووتە ماڵەکانیان.
6-چەندەها دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان. 
7-ڕێگە سەرەکییەکانی سلێمانی- چەمچەماڵ و  کەرکووک – چەمچەماڵ داخراون و بە سەدان کەس لە خاڵی پشکنینەکان گیریان خواردووە.
8- کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێلەکانی ئەنتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە.

 

پارێزگای دهۆک: 


بارانبارین مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

 

پارێزگای هەڵەبجە:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە نزیکەی 54 ملم بووە، جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاویی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

پارێزگای کەرکووک:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، بڕی دابارین 26.7 ملم بووە، لە گەرەکی شۆراوە ئاو چووتە ناو قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە. منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە.


بەپێ هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان لەو گوندە زیانی ماددی هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێگەکان، تیمەکان نەیانتوانیوە زیانەکان تۆمار بکەن.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی 50 ملم بووە، ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆبووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە.

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 9-12-2025، بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارین بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:-


1- زیانێکی زۆر بەر بازاڕی ناحیەی ڕزگاری کەوتووە و چەندین دووکان و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە.
2-ئاو چووتە چەندین ماڵ و زیانی ماددی بەر هاونیشتمانیان کەوتووە.
3- ڕێگەی نێوان هەردوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، ڕێژەی دابارین 25.6 ملم بووە، دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت لە دەروازەکانی (زێد و حاجی ئۆمەران) کە بووەتە هۆی پێکدادان لە نێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایانی پۆشیووە، دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکو چۆمان بەفرێکی زۆر باریووە. 

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تاشە بەردێک ئاستەنگیی هاتووچۆ لە ڕێگەی سەرەکیی گەلی علی بەگ- بێخاڵ دروست بووبوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بەزوویی لابرا. 

بەهۆی داڕمانی شاخ، خانووی هاوڵاتێک لە شارۆچکەی قەسرێ لە قەزای چۆمان ڕووخا.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، ڕێژەی دابارین 13 ملم بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە 95 سم بۆ 205 سم بەرزبووەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دەکرێت. 

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین:


دوێنێ دووشەممە 8-12-2025، بڕی دابارین 84 ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و چەند ماڵێک لە قەزای حاجی ئاوا کەوتونەتە ژێر کاریگەریی ئاوەکە و زیانی ماددی هەبووە و لە سنووری دەروازەی کێلێ، بەفرێکی زۆر باریووە و ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ شوفێران دروستکردووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ