تورکیا و سووریا خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە ئامادە دەکەن

شەیری بکە لە:
تورکیا و سووریا خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە ئامادە دەکەن

دیمەنی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای سووریا. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

 

جووڵەی سەربازیی هەردوو سوپای تورکیا و سووریا بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی "هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە" بەردەوامە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوا وادەی ڕێکەوتنی هەسەدە و سووریا لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ.

 

وێنە گەورەکە: مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە 10ـی ئازاری رابردوو ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بوو لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکانی سووریا.

 

دوا وادە بۆ رێکەوتنەکە 31ی کانوونی یەکەمی 2025ە و دەبوایە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هەڵبوەشایەتەوە و لە ڕیزەکانی سوپای سووریا خۆی رێکبخستایە، بەڵام هەدوولا یەکتریی تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەکە.

 

13 ساڵە یەپەگە و دواتر هەسەدە دژی داعش و گرووپە تووندڕەوەکان شەردەکەن و تاوەکو ئێستا 14 هەزار شەڕڤان گیانیان لەدەست داوە و توانیویانە بە هاوکاریی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان ناوچەکە لە گروپە توندڕەوەکان پاکبکەنەوە.

 

بڵاوکراوەی فەرمی: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "شەرق ئەلئەوسەت"ی سعوودی، جووڵەی هێزەکانی تورکیا و سووریا لە نزیک ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "هەسەدە"، بەتایبەت لە منبج و دێرەزوور دەستیان پێکردووە.

 

جموجووڵەکان پاش سەردانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا و جێگرەکەی بۆ دیمەشق ئەنجامدراون و ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەش بەدوور نازانرێت، ئەگەر "هەسەدە" پابەندی ڕێککەوتنی 10ی ئازاری ڕابردوو نەبێت بۆ یەکگرتن لەگەڵ سوپای سووریا.

 

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: میدیای تورکی گرتەی ڤیدیۆیی قافڵە سەربازییەکانی بڵاوکردووەتەوە کە بەرەو منبج لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەڕۆن. هاوکات، سوپای سووریا هێزی زۆری ڕەوانەی دێرەزوور کردووە.

 

پێدراوە ڕاستەکان: هێزەکانی سوپای سووریا دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هێزی نوێ کردووە لە ناوچەی دێرەزوور، لەوانە سیستەمی تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

 

یەکە سەربازییەکانی تورکیاش لە سێ خاڵی جیاوازدا لەسەر سنوور بڵاوکراونەتەوە و ڕێوشوێنی تووند لە منبج، قامیشلۆ، کۆبانێ، سەرێ کانی، گرێ سپی و ڕێگای نێودەوڵەتیی حەلەب – لازقییە گیراونەتەبەر.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سوپای سووریا ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی "هەسەدە"، و بڕیارە حەوت فیرقە و 80 هەزار سەرباز بڵاوبکرێنەوە.

 

پاڵەپەستۆ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکگرتن
دێرەزوور یەکێکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "هەسەدە" کە یەپەگە سەرکردایەتیی دەکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هاوکاری لە نێوان عەشیرەتە عەرەبەکان و حکومەتی دیمەشق لەم ناوچەیەدا دەکرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەژموونی "هەسەدە". 


سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خێڵ و عەشیرەتە سوورییەکان ڕایگەیاندووە کە 20 هەزار چەکداری عەرەب کە لە ڕیزەکانی "هەسەدە" بوون، پەیوەندیی بە سوپای سووریاوە دەکەن.

 

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: باس لەوە دەکرێت تورکیا نەخۆشخانەی مەیدانی دامەزراندووە وەک ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی، ئەم گۆڕانکارییە مەیدانییانە وەک گوشارخستنە سەر "هەسەدە" لێکدراونەتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەم جووڵانە بە "چالاکییەکی ڕۆتینی" دەناسێنێت.


لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگری سووریا پێشنیازێکی نوێی ئاڕاستەی هەسەدە کردووە کە داوای ملکەچبوونی تەواوەتی دەکات بۆ سوپای سووریا.

 


ئەنجامگیریی: ئەنقەرە سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی هەسەدە و دەرکردنی ئەو چەکدارە بیانیانەی لە ڕیزەکانیاندان، ئەمەش ناوچە ئارامەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەرەو یەکلاکردنەوەی سەربازی یان ملکەچبوونی سیاسی دەبات.


ئەبو عومەر ئیدلبی، فەرماندەی باکوور لە "هەسەدە" ڕایگەیاند: "تا ئێستا هیچ پێشهاتێکی مەترسیدار لەسەر زەوی تۆمار نەکراوە، زۆربەی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بەشێکە لە شەڕی میدیایی و هەوڵێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس".

 

باکگراوند: لە چوارچێوەی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دەستپێخەریی ئاشتی، تورکیا و سووریا چاوەڕێی ئەوەبوون کە هەسەدە دەستبەرداری چەک ببێت، بەڵام هەسەدە خۆی گرێ نەدا بە ناوەڕۆکی ئەو دەستپێشخەرییە و ئاماژەی بەوەکرد کە گومان دەکرێت سووریا بەرەو سیستمێکی سیاسیی دیکتاتۆریی هەنگاو بنێت کە مافەکانی کورد ناسەلمێنێت.

 

رۆژی 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، ئەندامی شاندی دەم پارتی کە سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو لە زیندان، ئاشکرایکرد، هەرگیز ئۆجەلان داوای نەکردووە هەسەدە وەک پەکەکە بەبێ مەرج خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

 

هەروەها وتی: ئۆجەلان تیکەڵبوونی هەسەدەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا بە دوو مەرجەوە گرێداوە. ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە بە دیموکراسیکردنی سووریا و هەبوونی دەسەڵاتی خۆجێیی، چونکە هێزە کوردییەکان نابنە بەشێک لە دیکتاتۆریەت، هەروەها دەکرێت دەسەڵاتی خۆجێیی خاوەنی هێزی ئاسایشی ناوخۆ بێت لەژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆی سووریا. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ