لە زاخۆ کەسێک سێ بزنە کێوی دەکوژێت و دەستگیر دەکرێت

شەیری بکە لە:
لە زاخۆ کەسێک سێ بزنە کێوی دەکوژێت و دەستگیر دەکرێت

ڕاوچییەکە بەمشێوەیە گۆشتی بزنە کێوییەکانی لەناو سندووقی هەنگ شاردووەتەوە

ئاڤا نیوز

 

کەسێک لە سنووری قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ، سێ بزنی کێوی کوشتووە، دواتر هەوڵیداوە لەناو سندووقی هەنگ گۆشتەکەیان بگوازێتەوە، بەڵام فێڵەکەی ئاشکرا کراوە و دەستگیر کراوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی سێشەممە، 9-12-2025، لە گوندی کەشانی نزیک حەفتەنین، کەسێک کە پیشەی شوانە، سێ بزنی کێوی کوشتووە، دواتر گۆشتی بزنە کێوییەکانی پارچە پارچە کردووە و لەناو سندووقی هەنگی داناوە، ویستوویەتی بەمجۆرە خۆی لە بازگەکان دەرباز بکات و گۆشتی بزنە کێوییەکان بگەیەنێتە ناو سەنتەری قەزای باتیفا، بەڵام فێڵەکەی ئاشکرا کراوە و لە بازگەی دێمکا دەستگیر کراوە.

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: ئەو کەسەی بزنە کێوییەکانی کوشتووە، دەستگیر کراوە و دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکەشیدا گیراوە و بەپێی ماددە 42 لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کراوەتەوە.

 

زانیاریی زیاتر: تۆمەتبارەکە ناوی (د، ح، ش) و پیشەی شوانە و خەڵکی سنوورەکەیە، لە هەمان کاتیش کەسێکی چالاکی ناسراوی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیایە، بەهۆیەوە بووەتە کەسێکی ناسراو لە ناوچەکەی خۆی.

 

ئەمەش بزانە: بەپێی یاسا هەر کەسێک بزنێکی کێوی بکوژێت، بە پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە: د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە ئاڤا میدیای گوت: لە ڕێگەی هۆبەی یاسایی ژینگەی دهۆک لە پەیوەندی بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی بزنە کێویەکانی کوشتووە، توندترین سزای یاسایی بدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ