
قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لەپاش لافاوەکەی 9ـی 12ـی 2025
ئاڤا نیوز
لە ناحیەی تەکێی چەمچەماڵ دیمەنەکانی کامێرای چاودێریی قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی بڵاوکرایەوە کە ئاوی لافاو دەچێتە قوتابخانەکە و مامۆستاکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە فریاگوزاریی بۆ قوتابخانەکە دەکەن، ئاڤا وردەکاریی ڕووداوەکە بڵاو دەکاتەوە.
مامۆستای قوتابخانەکە: لە ڕۆژی قیامەت دەچوو، لەناکاو ئاو هاتە ژوورە و نیومەتر ئاو لە ناو لە ژوورەکان بەرزبووەوە و دەرگاکان داخران.
چیرۆکی سەرەکی: قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەکییەی چەمچەماڵ، یەکێک بوو لەو قوتابخانەی بەهۆی لافاوەکەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، زۆرترین زیانی بەرکەوت و قوتابییەکان بە هەوڵی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان دەربازکران.
لێدوانی شایەتحاڵ: یوسف عەبدوڵڵا، یاریدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەکییەی چەمچەماڵ، چیرۆکی ژێڕ ئاوکەوتنی قوتابخانەکەیان بۆ ئاڤا بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئێمە دەوامی قوتابخانەکەمان ڕانەگرت، چونکە پەیوەستبووین بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و پەروەردەی چەمچەماڵ، هاوشێوەی قوتابخانەکانی دیکەی سنوورەکە دەوامی ئاسایی خۆمان کرد.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەندیل ئەمانەشی وت:
پێش قوتابییەکان چوومە قوتابخانەکە و زۆپاکانم داگیرساند بۆ ئەوەی قوتابییەکان سەرمایان نەبێت
کاتژمێر 12:40 خولەک بارانێکی بەخۆڕ دەستی پێکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی قوتابخانەکەمان پشتی چۆڵە و ڕێڕەوی ئاوە، نەماتوانی قوتابییان بنێرینە ماڵەوە، ئەوەمان بکردایە، کارەسات ڕوویدەدا.
ڕێڕەوی ئاوی باراناوەکە تەنگە و ئاڕاستەی ئاوەکە بەرەو قوتابخانەکەمان هات.
ئەوەندە ئاو پەنگی خواردەوە، ئاو بەسەر دیواری قوتابخانەکە هاتە ژوورەوە.
باراناوەکە دیواری قوتابخانەکەمانی ڕووخاند و دەنگێکی بەهێزی دروست کرد، قوتابییەکان وتیان مامۆستا تانکی ئاوی سەربان کەوتە خوارەوە.
باراناو هاتە ناو پۆلەکان و دەرگاکانی شکاند و دەرگای ئیدارە و هۆڵەکە داخران، ئاستی ئاو بۆ مەترێک بەرزبووەوە.
سەرەتا هەوڵماندا قوتابیانی پۆلی یەکی بنەڕەتی ڕزگار بکەین، بەڵام قوتابییەکان شێوان و دوامان دەکەوتن.
مامۆستایەک و ژمارەیەک قوتابی کەوتنە ناو ئاوەکە، بەڵام ڕزگارمان کردن.
دوای ژماردنی قوتابییەکان، دڵنیابووینەوە کە هیچ قوتابییەک نەخنکاوە.
زیانی زۆر بەرقوتابخانەکەمان کەوت و هیچ تۆمارێکی قوتابییانمان نەماوە و هەمووی تەڕبوون و لەناوچوون.
وەک ڕۆژی قیامەت وابوو، لە هیچ فیلمێک ئەوەم نەبینیوە.
خەریک بوو ئاوەکە بگاتە بۆردی کارەبا، چووم کارەباکەم کوژاندەوە و قوتابییەکانمان بردن بۆ سەربانی قوتابخانەکە. ئەگەر ڕێڕەوی پشت قوتابخانەکە فراوان نەکەن ڕووداوەکە دووبارە دەبێتەوە.
چیرۆکی مرۆیی: مامۆستا یوسف عەبدوڵڵا، چیرۆکی قوتابییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەگێڕێتەوە کە لەناو ئاوەکە گیری خواردبوو.
دەڵێت: پێشتر بەو قوتابییەمان گوتبوو بۆ ئاسانکاریی، ئەو لە ڕێگای ئیدارەی قوتابخانەکەوە هاتوچۆ بکات، لە کاتی لافاوەکە ویستبووی لەوێوە بچێتە دەرەوە، بەڵام دەرگای لەسەر داخرابوو، بەویشمان زانی و ڕزگارمان کرد.
باکگراوند: ماوەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەمهۆیەشەوە لافاو لە چەندین شوێن ڕوویدا، بەتایبەتی لە چەمچەماڵ، تەکێ، پیرەمەگرون، کەلار، ناو شاری سلێمانی و چواردەوری، شارباژێڕ و قەرەداغ و چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا.
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 35 خولەک لەمەوپێش
قەرەیلان: لەسەر تەرمی ڕۆژئاوا ئاشتی بەدی نایەت
- هەواڵ
- 45 خولەک لەمەوپێش
ئەمریکا مەرجی ئاوەدانکردنەوەی غەززە ئاشکرا دەکات
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بکوژی سێ ئەندامی خێزانەکەی هەولێر دەستگیرکرا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

جێنسن هوانگ لە بازاڕێکی میللی میوە دەکڕێت
5 کاتژمێر لەمەوپێش

زانست ڕاستی ڕەنگی بەفر ئاشکرا دەکات
5 کاتژمێر لەمەوپێش

بۆچی برینەکانی ڕووخسار شوێنەوار جێ ناهێڵن؟
5 کاتژمێر لەمەوپێش

بەوێنە؛ لە قامیشلۆ خەڵک و شەڕڤانان پێکەوە چەکیان هەڵگرتووە و پارێزگاریی دەکەن
25 کانوونی دووەم

بەوێنە؛ هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاریی هەولێر بۆ ڕۆژئاوا بەردەوامە
25 کانوونی دووەم
- ڕاپۆرت
- 15 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆژنامەیەکی بیانی: ئەگەری گواستنەوەی شەڕ بۆ باشوور و ڕۆژهەڵات هەیە
- ڕاپۆرت
- 22 کانوونی دووەم
چیرۆکی هێرشی حکومەتی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان
- هەواڵ
- 19 کانوونی دووەم
هەسەدە بڕیاری بەرگری داوە و لە حەسەکە شەڕێکی قورسە






