ڕاپۆرتی داهات و خەرجییەکانی عێراق: قازانج سەری مایەی خواردووە

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ڕاپۆرتی داهات و خەرجییەکانی عێراق: قازانج سەری مایەی خواردووە

لۆگۆی وەزارەتی دارایی عێراق

ئاڤا نیوز

 

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، عێراق بڕی هەشت ترلیۆن دیناری زیاتر خەرجکردووە بەراورد بەو پارەیەی دەستی کەوتووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق کە پوختەی خەرجی و داهاتەکانی نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ (تا کۆتایی مانگی ئەیلوول)ی تێدا خراوەتەڕوو، کۆی خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 100 ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا کۆی گشتی داهاتی ئەو نۆ مانگە 91 ترلیۆن و 847 ملیار دینار بووە، ئەمەش کورتهێنانی بوودجەی زۆر بەرزکردووەتەوە.

 

وێنە گەورەکە: عێراق بەردەوامە لەسەر پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت، کە ڕێژەکەی 90%ـی کۆی داهاتەکان پێکدەهێنێت. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئابوورییەک کە مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن بەشی شێری بوودجەکەی دەبەن.

 

بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی مووچە و خانەنشینی لە بەرامبەر کەمیی داهاتی نانەوتی، وڵاتەکە دەخاتە بەردەم مەترسییەکی دارایی گەورە، ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت.

 

بڵاوکراوەی فەرمی: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق، کە تایبەتە بە شیکردنەوەی داهات و خەرجییە ڕاستەقینەکانی بوودجەی گشتی (هەردوو بوودجەی کارگێڕی و وەبەرهێنان) بۆ نۆ مانگی یەکەمی 2025، زانیاریی گرنگ لەسەر دۆخی دارایی عێراق ئاشکرا دەبێت.

 

بڕی داهات و خەرجییە گشتییەکان:
•    کۆی داهات: کۆی داهاتەکانی عێراق بۆ نۆ مانگی یەکەمی 2025 گەیشتووەتە 91 ترلیۆن و 847 ملیار و 765 ملیۆن و 726 هەزار و 561 دینار.
•    کۆی خەرجییەکان: کۆی خەرجییە گشتییەکان بۆ هەمان ماوە، گەیشتووەتە 99 ترلیۆن و 976 ملیار و 737 ملیۆن و 415 هەزار و 63 دینار.

 

کورتهێنانی دارایی:
•    بڕی کورتهێنانی نۆ مانگ: کورتهێنانی دارایی بۆ ئەم نۆ مانگە گەیشتووەتە 8 ترلیۆن و 128 ملیار و 971 ملیۆن و 688 هەزار و 402 دینار.
•    پێشبینیی کورتهێنانی ساڵ: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بڕی کورتهێنانەکە زیاتر بێت، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی خەرجییە کارگێڕییەکان و ئاستەنگەکانی دابینکردنی داهات.

 

داهاتی نەوتی و نانەوتی:
•    داهاتی نەوتی:81 ترلیۆن و 748 ملیار و 817 ملیۆن و 49 هەزار و 903 دینار بووە، کە دەکاتە نزیکەی 90%ی کۆی داهات.
•    داهاتی نانەوتی: 9 ترلیۆن و 419 ملیار و 602 ملیۆن و 464 هەزار و 781 دینار بووە، کە دەکاتە نزیکەی 10%ی کۆی داهات.

 

بوودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە بوودجەی وەبەرهێنان:
•    پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە گشتییەکان: لە ماوەی ئەو 9 مانگەدا، 8 ترلیۆن و 331 ملیار و 748 ملیۆن و 22 هەزار و 442 دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە.
•    بوودجەی وەبەرهێنان: کۆی بوودجەی وەبەرهێنانی عێراق 14 ترلیۆن و 497 ملیار و 744 ملیۆن و 945 هەزار و 164 دینار بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە.
هیچ بڕە پارەیەک لە بوودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە.

 

زیاترین خەرجیی وەزارەتەکان (بوودجەی کارگێڕی):
•    وەزارەتی بەرگری: 5 ترلیۆن و 415 ملیار و 889 ملیۆن و 175 هەزار و 682 دینار.
•    وەزارەتی پەروەردە: 8 ترلیۆن و 801 ملیار و 591 ملیۆن و 14 هەزار و 934 دینار.
•    وەزارەتی کارەبا: 4 ترلیۆن و 972 ملیار و 165 ملیۆن و 607 هەزار و 161 دینار.
•    سەرجەم خەرجییەکانی مووچە و قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران: 45 ترلیۆن و 563 ملیار و 109 ملیۆن و 881 هەزار و 997 دینار.
•    کۆی قەرزەکانی حکومەت: 4 ترلیۆن و 316 ملیار و 537 ملیۆن و 850 هەزار و 60 دینار.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ