لە دهۆک، دوو کێڵگەی لەمین پاککراوە ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە

شەیری بکە لە:
لە دهۆک، دوو کێڵگەی لەمین پاککراوە ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە

پاککردنەوەی کێڵگەی مین

ئاڤا نیوز

دوای تەواوبوونی کارەکانی پاککردنەوەی دوو کێڵگەی مین لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ زەوییەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە.

وێنە گەورەکە: لە هەرێمی کوردستان، ڕووبەری 776 کیلۆمەترچوارگۆشە بە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ داپۆشرابوو، لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا 576 کیلۆمەترچوارگۆشەی ئەم ڕووبەرە پاککراوەتەوە.

لێدوانی فەرمی: ڕێگر بێسفکی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک، بە ئاڤا میدیای گوت: ئەمڕۆ دوو پارچە زەوی دوای ئەوەی بە تەواوەتی لە مین و تەقەمەنی پاککرانەوە، ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە.

زانیاریی زیاتر: هەردوو کێڵگە مینڕێژکراوەکە لە سنووری ناحیەی مانگێشن لە پارێزگای دهۆک، هەردوو کێڵگەکە لەلایەن مینلابەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی ITF سلۆڤینی پاککراوەنەتەوە، کێڵگە پاککراوەکانیش ئەمانەن: 

یەکەم: شیڤا جها دوو، ڕووبەری 29 هەزار و 41 مەتردووجایە، 15 مین لەو کێڵگەیە هەڵگیراونەتەوە و لەناوبراون.

دووەم: کانی لاچکان، ڕووبەرەکەی 30 هەزار و 825 مەتردووجایە 16 مین و تەقەمەنی لەو زەوییە هەڵگیراونەتەوە و لەناوبراون.

بۆچی گرنگە: زەوییە پاککراوەکان کەوتوونەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و کشتوکاڵی، جگە لە لابردنی مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی، هاوکات خاوەنی زەوییەکان دەتوانن زەوییەکانیان بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و گەشتیاری بەکاربهێنن.

لە لایەکی دیکەوە: جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، لە ساڵی 2022ەوە وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا لە ڕێگەی ڕێکخراوی ITF هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات، بە هاوکاری ئەوان،  81 کێڵگەی مین کە ڕووبەرەکەیان دوو ملیۆن مەتردووجا بوو، لەمین و پاشماوەی جەنگی پاککراونەتەوە و پێنج هەزار مین و تەقەمەنیش کە لەو کێڵگانە کۆکراونەتەوە لەناوبراون.

باکگراوند: حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە پیلانگێڕیان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی گەلی کورد ڕووبەرێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستان مینڕیژ کردووە، هاوکات بەهۆی شەڕی عێراق-ئێران و هێرشی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، ڕووبەری زەوی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتربوو، تا ئێستاش ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداربوون بەهۆی مین و پاشماوەی جەنگی، 13 هەزار و 600 کەسی تێپەڕاندووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ