چیرۆکەکانی ژێر خێمەکانی ئاڤا

شەیری بکە لە:
چیرۆکەکانی ژێر خێمەکانی ئاڤا

دیمەنی خێمەکانی ئاڤا لەبەردەم ئۆفیسی سەرەکی ئاڤا لە هەولێر

ئاڤا نیوز

هاووڵاتیان پەیتا پەیتا ڕوو لە کامپەینەکەی ئاڤا دەکەن، منداڵەکان بووکەڵەکانیان لەباوەش جیا دەکەنەوە، گەنجەکان لە سەرمادا قەمسەڵەکانیان دادەکەنن، گەورەکان ڕاخەری ژێر خۆیان هەڵدەگرن و دەیانهێنن بۆ کامپەینەکەی ئاڤا، ئۆتۆمبێلەکان ڕیزیان بەستووە بۆ گەیشتن بە خێمەکانی کەمپەینەکە.

چیرۆکی سەرەکی: شەوی ڕابردوو ئاڤا میدیا لەبەردەم ئۆفیسی سەرەکی لە هەولێر، کامپەینێکی گەورەی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ڕاگەیاندووە چەندین خێمە بۆ کۆکردنەوەیان دانراون و دوو ڕۆژی دیکە بەردەوام دەبێت، سەدان خێرخواز لە پیاو و ئافرەت، منداڵ و پیر، پارە و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان هێناوە، سەدان ئۆتۆمبێل لە نۆرەدان بۆ هێنانی هاوکارییە جۆراوجۆرەکان.

لەکاتی هێنانی هاوکارییەکان دەیان چیرۆکی جوان و سەرنجڕاکێش تۆمار دەکرێن لە نموونەی ئەم چیرۆکانە:

٠ سێ برای بەتەمەن بچووک دەستیان لەناو دەستی یەکترنا و  بڕیاریاندا دەخیلەی پارەکانیان لە ماڵەوە بهێنن بۆ کامپەینەکەی ئاڤا، بەمشێوەیە بەشدارییان لە کامپەینەکە کرد بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی لافاوەکە.

٠ کچێکی خاوەن پێداوسیتی تایبەت لەگەڵ باوکی هاتبوو، ئەو جلو بەرگەی بەدەستەکانی خۆی لە سوف چنیبوونی کردییە دیاری بۆ ئافرەتانی چەمچەماڵ.

٠ باوکێک لە کەشوهەوایەکی باراناوی بە ماتۆڕە سێ تایەکەی لەگەڵ کچە بچووکەکەی چەند نەعل، پێڵاو و ڕاخەرێکی هێنا.

٠ چەند گەنجێک چاکەت و قەمسەڵەی خۆیان دانا، یەکێک لەو گەنجانە گوتی بە هاوسەرەکەم گوت ماڵێک بۆ ڕۆژی ڕەش نەبێت بۆ چییە بێنە چی لەماڵەوە هەیە با بیبەین بۆ کامپەینەکە.

٠ بەسەدان منداڵی چاوگەش دیارییەکانی خۆیان هێناوە و کردوویانە دیاری بۆ منداڵانی چەمچەماڵ، بە دەیان بووکەڵە و یاری منداڵان، جانتای قوتابخانە و جلوبەرگی منداڵان لەلایەن منداڵانی هەولێر و دەوروبەری هێنراوە بۆ کامپەینەکە.

کاریگەریی ئاڤا: ئاڤا لەڕێگەی ڕووماڵێکی پیشەییانە و نیشتیمانییانە پاڵپشتی زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ دەکات، بەرنامەی خۆری ئاڤا ئەمڕۆ چووەوە ناو ماڵە هەژار و لێ قەوماوەکان، تۆڕی پەیامنێرانی ئاڤا میدیا لەڕۆژی یەکەمەوە بەردەوامن لە بەسەرکردنەوەی ئەو خێزانانەی لێیان قەوماوە و بەسەریان دەکەنەوە، لەڕیگەخێرخوازانەوە هاوکاری ماڵەکان دەکەن و داوا لە خێرخوازانیش دەکەن هاوکارییەکانی خۆیان بگەیەننە ئاڤا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت
: تا دێت کامپەینەکەی ئاڤا فراوانتر دەبێت و ژمارەی خێمەکان بەردەوام لە بەردەم ئۆفیسی سەرەکی زیاد دەکات، هەر لە ئاڤا سندووقێکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی پارە دانراوە و خێرخوازان دەتوانن بە کاش پارە بدەن.

خێرخوازان، سەرمایەداران، وەبەرهێنەران چین و توێژە جیاوازەکان،  دەتوانن بە سێ ڕێگای جیاواز هاوکاریی بگەیەننە کامپینەکەی ئاڤا:

ژمارەی پەیوەندی؛

0770 171 8885 

0750 803 5020


لەڕێگەی کیو ئاڕ کۆدی (FIB)

 



٠ گەیاندنی هاوکاری بە ئۆفیسی سەرەکی ئاڤا میدیا لەسەر ڕێگای سەرەکی هەولێر - پیرمام، تەنیشت فیردەوس سیتی.

زیانە سەرەکییەکان: بەهۆی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان زیانەکان بەم شێوەیە بوون:

٠ پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو کەس لە چەمچەماڵ، دوو کەس لە کەرکووک، منداڵێک لە کەلار.

٠ ئەندازیارێک بێسەروشوێنە.

٠ دوو هەزار و 211 خانوو زیانیان بەرکەوتووە.

٠ 215 دووکان و مارکێت زیانیان بەرکەوتووە.

٠ 756 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە.

٠ لە تەق تەق 189 جووتیار و چوار پڕۆژەی گەشتیاری زیانیان بەرکەوتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ