ئەمڕۆ 24 بارهەڵگری هاوکاری ئاڤا میدیا ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو کران

شەیری بکە لە:
ئەمڕۆ 24 بارهەڵگری هاوکاری ئاڤا میدیا ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو کران

هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

هەڵمەتی ئاڤا بۆ گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەورووبەری بەردەوامە و ئەمڕۆ 24 بارهەڵگری هاوکاریی لە هەولێرەوە ڕەوانەی سنووری چەمچەماڵ کران و بەسەر خەڵکی زیانلێکەوتووی ناوچەکە دابەش دەکرێن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت:
ئەو بارهەڵگرانە هاوکاریی و پێداویستییان هەڵگرتووە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، تەکیە، شۆرش، بازیان، پیرەمەگروون و ئاغجەلەر دەبین دەکرێن.

زانیاریی زیاتر:
هاوکارییەکانی ئەمڕۆ بە دوو کاروان ڕەوانە کراون، کاروانی یەکەم سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕەوانە کراوە کە پێکهاتووە لە هەشت بارهەڵگر، کاروانی دووەمیش دوای نیوەڕۆ ڕەوانە کرا ئەویش پێکهاتووە لە 16 بارهەڵگر.

ئەمەش بزانە: ئەو هاوکاریەی ئەمڕۆ ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کرا، 10 بارهەڵگریان لە هەڵمەتی ئاڤا میدیا لە ئاکرێ، دهۆک و زاخۆ کۆکراوەتەوە، 14 بارهەڵگریش لە هەڵمەتی ئاڤا میدیا لە هەولێر کۆکرابووەوە.

خاڵە ئەرێنییەکان: هاوکارییەکانی ئاڤا میدیا پێداویستی سەرەتایی هاووڵاتییانی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە خواردن، دۆشەک و بەتانی و مافوور، نەوت، گەرمکەرەوە، سەلاجە، جلوبەرگ و پێڵاو، جانتا و پێداویستی قوتابخانە و چەندین پێداویستی دیکە.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: لە ڕێگەی هەڵمەتی ئاڤا میدیا چوار خانوو بۆ چوار خێزانی کەمدەرامەتی کرێنشینی زیانلێکەوتوو کڕاوە و پێشکەشیان کراوە، چوار خانووی دیکەش لە ڕێگەی بەرنامەی خۆری ئاڤا و بە سپۆنسەری دەزگای خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی دابین کراوە، هاوکات خانوویەک بۆ خێزانێکی کرێنشینی زیانلێکەوتوو کڕاوە پێشکەشی کراوە، سێ خانووش کە بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە خانوویان بۆ دروست دەکرێتەوە. ئاڤا میدیا لە بەرنامەی دایە لە ڕێگەی ئەو هاوکارییە داراییەی بەدەستی گەیشتووە نزیکەی 30 خانوو بکڕێت یانیش دووبارە دروستبکرێتەوە بۆ خەڵکی کەمدەرامەتی زیانلێکەوتوو.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئاڤا میدیا کۆی ئەو پارە و هاوکارییەی کۆکراوەتەوە زیاترە لە پێنج ملیار دینار.

شێوازی جێبەجێکردن: ئەو بارهەڵگرانەی دەگەنە سنووری چەمچەماڵ بەم شێوازە دابەش دەکرێت؛ سەرەتا بەگوێرەی قەبارەی زیانەکان بارهەڵگرەکان بەسەر هەر سێ ناوچەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش دابەش دەکرێت. لە چەمچەماڵ کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، لە ناحیەی شۆڕش ناوەندی ڕۆشنبیری و لاوان لە تەکیە باڵەخانەی ناحیە تەرخانکراون، بارهەڵگرەکان لەو سێ شوێنە پێداویستییەکان دادەگرن و دوای جیاکردنەوەیان بە بارهەڵگری دیکە بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکان دابەش دەکرێن.

ژمارەکان وادەڵێن: لە ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتەکی ئاڤا، شەش بارهەڵگر، ڕۆژی دووەمیش حەوت بارهەڵگر ڕەوانە کراون و بەسەر زیانلێکەوتووان دابەش کراون، کۆیی گشتیی 37 بارهەڵگری پڕ لە هاوکاری ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کراوە کە بەهاکەی نزیکەی دوو ملیار دینار دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ