ئەندازیارێکی عەرەب لە بازیان هەفتەیەکە بێسەروشوێنە

شەیری بکە لە:
ئەندازیارێکی عەرەب لە بازیان هەفتەیەکە بێسەروشوێنە

ئەحمەد حامید، ئەندازیاری کارەبا لە هەفتەیەکە لە بازیان بێسەروشوێنە

ئاڤا نیوز

 

زیاتر لە هەفتەیەکە ئەندازیارێک لە سنوورى بازیان بێسەروشوێنە، بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام هێشتا سۆراخى نییە، دایک و باوکیشی چوونەتە بازیان و چاوەڕوانى هەواڵێکن لەبارەى چارەنووسى کوڕەکەیان. 

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەحمەد حامید، ئەندازیاری کارەبا بوو، هاووڵاتییەکى بەڕەچەڵەک عەرەبى دانیشتووى شارى بەغدا بوو، ئەو لە یەکێک لە کارگەکانى سنوورى بازیان کارى دەکرد، لە ڕۆژى سێشەممەى ڕابردووەوە، واتە لە دواى باران و لافاوەکەى سنوورەکە، لافاو دەیبات و هیچ سۆراغێکی نییە تەنها مۆبایلەکەی و چاکەت و تاکێک پێڵاوی دۆزراوەتەوە. 

 

لێدوانی فەرمی: ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامى بازیان، بە ئاڤای ڕاگەیاند: "ئێمە و تیمەکانى بەرگریی شارستانى و هێزە ئەمنییەکان زۆر گەڕاین، دوێنێ سێشەممە، هێزێکى پێشمەرگەش کێوماڵى قەراخى چەمى باسەڕەى کرد، بەڵام بێ ئەنجام بووین".

 

چەمى باسەڕە لە سنوورى بازیانەوە دەچێتە سنوورى ناحیەى سەنگاو، لەوێوە بۆ ناحیەى قادرکەرەم و دواتریش دەڕوات بۆ ناوچەکانى خواروو. قایمقامى بازیان داواى لە بەڕێوەبەرى ناحیەى قادرکەرەم کردووە سنوورەکەى خۆیان بگەڕێن، چونکە هیوایان نییە تەرمەکەى لە سنوورى بازیان بێت، چونکە ئاوەکە زۆر خوڕە و لافاوى ڕۆژى بارانەکەش زۆر بوو.

 

ئەمەش بزانە: ئەحمەد حامید عەتشان، تەمەن 35 ساڵ؛ هاووڵاتییەکی خێزاندارە و دانیشتووی ناوچەی مەشتەلی شاری بەغدایە، ئەندازیاریی کارەبا بووە، سەرپەرشتی کارگەیەکی کردووە لە دەورووبەری بەردە قارەمانی تەکیە، مانگانە تەنها چەند ڕۆژێک لە کارگەکە دەوامی کردووە. لە ڕۆژی لافاوەکەوە، بەنیاز بووە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام لافاو لە شوێنی مانەوەی داوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ