هونەرمەند زوهەیر عەبدولمەسیح کۆچی دوایی کرد

شەیری بکە لە:
هونەرمەند زوهەیر عەبدولمەسیح کۆچی دوایی کرد

ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

هونەرمەندی ناوداری بواری شانۆ و دراما، زوهەیر عەبدولمەسیح عەبدۆکا، لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: شەوی ڕابردوو، هەواڵی مردنی هونەرمەند زوهەیر عەبدولمەسیح  لەلایەن ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیەنرا. ئەو هونەرمەندە مامی وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.


هەنگاوی داهاتوو: بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر سێی ئێوارە لە هۆڵی یانەی بابلی کلدانی لە عەنکاوە پرسەکەی بەڕێوەبچێت.


زیاتر بزانە: زوهەیر عەبدولمەسیح، لە ساڵی 1948 لە شارۆچکەی عەنکاوە لە دایکبووە. بەرلەوەی دەست بەکاری هونەری بکات، یەکێک بووە لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول و دواتریش ساڵی 1974 وەک دەرهێنەر لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان کاری کردووە.


یەکەم کاری شانۆیی ئەو هونەرمەندە، ساڵی 1969 بووە بەناوی (مۆمدانی مەتران) لە عەنکاوە پێشکەش کراوە. هونەرمەند زوهەیر عەبدولمەسیح، کاری دەرهێنانی بۆ بەشێکی بەرچاوی زنیجرە دراما کوردییەکان کردووە، لەوانە تاپۆ حەقی چییە کە یەکێکە لە زنجیرە دراماکانی بەناوبانگەکانی ساڵانی هەشتا لە شاری هەولێر.


هونەرمەند زوهەیر عەبدولمەسیح لە ساڵی 1999ـەوە لە وڵاتی سوید دەژیا و دوێنێ بە یەکجارەکی ماڵئاوایی لە کەسوکار و هونەری کوردی کرد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ