چیرۆکی دەستپاکیی ئەم کچەی چەمچەماڵ دەبێت لەمێژوودا بنوسرێتەوە

شەیری بکە لە:
چیرۆکی دەستپاکیی ئەم کچەی چەمچەماڵ دەبێت لەمێژوودا بنوسرێتەوە

ئەو کچەی بڕە هاوکارییەکەی گێڕاوەتەوە بۆ خێرخوازەکان.

ئاڤا نیوز

 

دامەزراوەی ئاڤا و خێرخوازان بەردەوامن لە هاوکارییکردنی لێقەوماوانی لافاوەکەی 9-12-2025 لە چەمچەماڵ و چواردەوری، ڕۆژانە چیرۆکی سەرنجڕاكێش بڵاودەبنەوە کە وێنەی زۆر کەمە لە مێژوودا، وەکو چیرۆکی دەستپاکیی و بەخشندەیی ئەم کچە گەنجە کە خێزانەکەی زەرەر مەندی لافاوەکە بوون و هێشتا خەمی لێقەوماوانی هاوشار و هاو خوێنی دەخوات.

 

چیرۆکی سەرەکی: كچێكی گەنجی دانیشتووی چەمچەماڵ چەند خولەكێك دوای ئەوەی بڕە پارەیەك وەك هاوكاری لە خێرخوازێكی خەڵکی هەولێر وەردەگرێت، پاش ماوەیەکی کەم بۆی دەیگەڕێنێتەوە و دەڵێت نامەوێت مافی کەسێکی دیکەی لێقەوماوی شارەکەم بخۆم.

 

زانیاری زیاتر: چەند خێرخوازێك لە شاری هەولێرەوە بڕێك پارە بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ دەنێرن و لەوێ چەند كەسێكی خۆبەخش بڕە پارەكە كە لەنێو زەرفێكدا بەسەر خەڵكی زیانلێكەوتووی گەڕەكێكی چەمچەماڵ دابەش دەكەن، بەڵام کچێکی باڵاپۆشی خەڵکی شاری چەمچەماڵ بە چیرۆکی دەستپاکییەکەی هەموو خۆبەخشەکان و خەڵکی کوردستان سەرسام دەکات.

 

لێدوانی شایەتحاڵ: مامۆستا فایەق یەكێكە لەو خۆبەخشانەی كە هەڵساوە بە دابەشكردنی پارەكە بەسەر خەڵكە لێقەوماوەكە، بە ئاڤای ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لە یەكێك لە گەڕەكەكانی چەمچەماڵ لە پرۆسەی دابەشكردنی خێرەكە تەواو بووین، كچێكی گەنج لە یەكێك لە ماڵەكان بانگی كردم و وتی ببوورە من ئەم زەرفە پارەیە دەگەڕێنمەوە كە تۆ پێش كەمێك پێتدابووم.


كە لێم پرسی بۆچی؟ وتی كەمێك پێش ئێستا، براكەشم هەمان بڕە پارەی لە ئێوە وەرگرتووە و كەسمان ئاگامان لەكەسمان نەبووە، بۆیە ئەم زەرفە پارەیە حەقی كەسێكی دیكە و ماڵێكی تری لێقەوماوە نەك ئێمە، حەقی ئێمە تەنیا یەك زەرفە.

 

نموونەی باڵا: مامۆستا فایەق دەڵێت: زەرفە پارەكەم لە كچەكە گەنجەكە وەرگرتەوە و دەستخۆشیم لێ كرد، كە ئەمە نموونەی دەستپاكیی و بە ئەمەكیی كوردستانیان و خەڵكی دەڤەرەكەیە، بۆ یادگاریی ئەم چیرۆكە سەرنجڕاكێشەش وێنەیەكمان گرت.

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە: لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکانی ئاڤا میدیا و خێرخوازان، چەندین خێزان کە زەرەرمەندی لافاوەکە بوون، سەرباری دۆخی سەختی ژیانیان، هێشتا خەمی دراوسێ و لێقەوماوەکانی دیکەی ناوچەکەی خۆیان بووە و ڕێگەیان بە خۆیان نەداوە کەلوپەل و پارە و کۆمەکی زیادە وەربگرن و ڕەتیان کردووەتەوە، ئەوەش وایکردووە ناوبانگی خەڵکی چەمچەماڵ و ناوچەکە زیاتر دەنگبداتەوە بە لەخۆبوردەیی و مرۆڤ دۆستیی لەکاتی لێقەوماوێتییەکانیان.

 

ئەمەش بزانە: دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەورووبەری ئاڤا هەڵمەتی هاوکاریی لێقەوماوانی دەستپێکرد، بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو ملیار دینار و 45 بارهەڵگری پڕ لە کەلوپەل و شتومەک لەلایەن بازرگان و هاووڵاتیانەوە لە ڕێگەی ئاڤاوە کۆکرایەوە و نێردرا بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ، تەکییە و شۆڕش.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ