ژمارەیەک زمانزانی کورد کار لەسەر یەکخستنەوەی زمانی کوردی دەکەن

شەیری بکە لە:
ژمارەیەک زمانزانی کورد کار لەسەر یەکخستنەوەی زمانی کوردی دەکەن

ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 

 

ژمارەیەک زمانزانی کورد کار لەسەر یەکخستنەوەی زمانی کوردی دەکەن، بە ئامانجی ئەوەی زۆرینەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورە لێی تێبگەن.

 

لێدوانی فەرمی: محەممەد جەلیزادە، سەرۆکی ڕێکخراوی سۆرمانجی و کوڕی بیرمەندی کورد (مەسعوود محەممەد) بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "ساڵانێکی زۆرە بیر لەوە دەکەمەوە کە زمانێکی ستاندارمان هەبێت، کاری زۆریشم لەسەری کردووە، بە ئامانجی ئەوەی شێوە نووسینێک پەیدا بکەین کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەڵک لێی تێبگەن".

 

- لە سۆرمانجی "ڕێزمانی کرمانجی پەیڕەو دەکەین، بەڵام ترش و خوێیەکی زۆری سۆرانی پێوە دەکەین، چونکە تۆنی سۆرانی نەرمتر و ناسکترە، هەروەها کەمتر وشە دەپەڕێنێت. دەشڵێت بە هیچ شێوەیەک کار لەسەر وشە ناکەین، چونکە کورد هەمیشە لەسەر وشەیەکی ستاندارد ناکۆک بووە و هەر شێوەزارێک وشەکەی خۆی پێ ڕاستر بووە، بەڵام کار لەسەر یەکخستنەوەی ڕستەیەکی تەواو کوردی دەکەین کە هەموو کەس لە هەر شوێن و ناوچەیەکی کوردستان لێی تێبگات".

 

- ژمارەیەک زمانزانی کوردی بۆ شێوەزاری کرمانجی لەگەڵیان هاوکارن، ئەوان لە ڕێگەی ئەندامەکانیان کە لە دهۆک و قامیشلۆن، پوختەیەک لەو سەرچاوانە دەدەن بە ڕێکخراوی سۆرمانجی کە لە ڕێگەی "کتێب، چیرۆک و نامەکان" دەستیان دەکەون، ئەوانیش کاری لەسەر دەکەن.

 

زانیاریی زیاتر: محەممەد جەلیزادە نموونە بە ڕستەیەک دەهێنێتەوە، دەکرێت بەو شێوازە ڕستەیەک دابهێنرێت کە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی لێی تێبگەن و وەک زمانێکی یەکگرتوو بەکاری بێنن، بۆ نموونە: ئەگەر لە سۆرانی بگوترێت (ئازاد نانی خوارد)، لە کرمانجی دەوترێت (ئازاد نان خار)، لە ئەنجامدا دەبێت بگوترێت (ئازاد نان خوارد).

 

لەلایەکی دیکە: دەشڵێت: ئەو لە تەمەنی خۆیدا فریای ئەو ڕۆژە ناکەوێ کە لە کوردستان زمانێکی ستاندارد دروست بکرێت، بەڵام ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێک زمانزانی دیکەی کورد کاری لەسەر دەکەن، بۆئەوەی بناغەیەک بۆ داهاتوو دروست بکرێت، لەوانەیە جیلی داهاتوو بتوانن زمانێکی یەکگرتووی کوردی بەکاربهێنن.

 

ئەمەش بزانە: ڕێکخراوی سۆرمانجی، لە هەولێرە و بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئێستا نزیکەی 50 ئەندامی هەیە، بەڵام ئەوانەی کە بە فەرمی کار بۆ یەکخستنی زمانی کوردی دەکەن، نزیکەی 15 ئەندامی کاران.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ