لە عێراق 51 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و دوو بازرگانی مەترسیدار دەستگیر کران

شەیری بکە لە:
لە عێراق 51 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و دوو بازرگانی مەترسیدار دەستگیر کران

عەمید موحارب قەیسی، وتەبێژی بەڕێوەبەرێتی گشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق، دەستگیرکردنی دوو بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی 51 کگم ماددەی هۆشبەری لە دیالە و بەسرە ڕاگەیاند.

 

وێنە گەورە: ئامارەكانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق ڕوو لە هەڵكشانن، ژن و منداڵانیش قوربانین، لەنێو ناسنامەی بازرگان و بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان ڕەگەزنامەی ئێرانی و سووری بە ڕێژەیەكی بەرچاو هەیە.

 

لێدوانی فەرمی: وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ دووشەممە ستایشی "هەوڵە زۆر و نایابەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان"ی کرد. هەروەها ئاماژەی بە "پیشەیی و هۆشیاری هەواڵگری و کاری مەیدانی بەردەوام"ی کارمەندانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کرد، کە "ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی قاچاخچێتی و وشککردنی سەرچاوەکانی ئەم کارە مەترسیدارە".

 

وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە کە "شەڕەکەی لەدژی بەڵای ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامە و بێوچانە، هەروەها بەردەوامە لە بەدواداچوونی قاچاخ و تۆڕە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و سەلامەتی هاووڵاتیان و چەسپاندنی سەروەری یاسا".

 

مەترسییە گەورەکە: بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە دەروونییەکان، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق بە ڕێژەی 74٪ زیادی کردووە و ئاستی بەکارهێنان بە ڕێژەی 26٪ زیادی کردووە، لە نێو فەرمانگەی چاکسازییەکاندا، 98٪ی سزادراوانی دۆسیەی ماددەی هۆشبەر لە ڕەگەزی نێر و ڕێژەی 2٪ی سزادراوەکان لە ڕەگەزی مێن کە زۆرینەیان لە تەمەنی 18 بۆ 40 ساڵی تەمەنیاندان. 

 

 

گرفتە سەرەکییەکە: بەگوێرەی یاسای سزادانەکان لە عێراق، کە ساڵی 1965 پەسەندکراوە، هەر کەسێک بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوایە 15 ساڵ سزای زیندانی بۆ دیاریکرابوو، بەڵام ئەو یاسایە ساڵی 2017 هەموارکراوەتەوە سزاکەی کەمکراوەتەوە بۆ دوو ساڵ، سزا داراییەکەشی کراوەتە بڕی 10 ملیۆن دۆلار، ئەوەش سزایەکی شایستە نییە بەو زیانانەی کە ماددەی هۆشبەر و تیمە تاوانکارییەکانی ئەو بوارە لە کۆمەڵگەی دەدەن.

 

لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق، بازرگانانی ئەو ماددەیە بێبەرامبەر ماددەکان بڵاودەکەنەوە، بە ئامانجی ئەوەی کڕیار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئێستا وای لێهاتووە لە بەشێک لە شارەکان یەک دەنک حەب بە دوو دۆلار دەفرۆشێت.

 

سەرچاوەکان: بەشی زۆری ماددە هۆشبەرەکان بە ڕێگە نافەرمییەکان دەگەنە عێراق؛ وەک سنوورە نافەرمییەکان، هۆڕ و بیابانەکان. ناسەقامگیرییە ئەمنییەکان و لاوازیی کۆنترۆڵی سنوورەکان لەگەڵ سووریا، بوونەتە هۆی گەشەسەندنی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ئەنبار و لەوێشەوە بۆ شوێی دیکە دەبرێت. کاپتاگن زیاتر لە لوبنان و سووریا دروست دەکرێت و دەگاتە ئەنبار؛ بەڵام کریستاڵ و ماریوانا لە ناوەڕاست و باشوورەوە، بە تایبەتیش لە میسان و بەسرەوە دێت. هەڵبەت هێزە ئەمنییەکانیش لە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم ماددانە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ