د. محەممەد شوكری: لەمساڵدا 210 مۆڵەت بە گوژمەی نزیكەی سێ ملیار دۆلار دراوە بە وەبەرهێنەران

  • بزنس
  • 2 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
د. محەممەد شوكری: لەمساڵدا 210 مۆڵەت بە گوژمەی نزیكەی سێ ملیار دۆلار دراوە بە وەبەرهێنەران

د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان

ئاڤا نیوز

 

سەرۆكی دەستەی گشتیی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، ئاماری كار و پرۆژەكانی ساڵی 2025 ئاشكرا دەكات. دەڵێت، تەنیا ئەمساڵ 210 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە گوژمەی نزیكەی سێ ملیار دۆلار دراوە بە وەبەرهێنەران.

 

لێدوانی فەرمی: د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكرای كرد، "ئەمساڵ توانیومانە 210 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە گوژمەی نزیكەی سێ ملیار دۆلار بدەین بە وەبەرهێنەران، ئەمەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەكی زۆر بەرزە لە ساڵی 2006ـەوە تاوەكو ئێستا كە دەكاتە 13٪ی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

 

باس لەوەش دەكات، لە كابینەی نۆیەم 768 پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە كە دەكاتە 48.18٪ی هەموو وەبەرهێنان لە 2006ـەوە تاوەكو ئەمڕۆ.

 

زانیاری زیاتر: سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ڕاشیگەیاند، لە ساڵی 2025 نزیكەی 15 هەزار دەرفەتی نوێی كاركردن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەخسێنراوە، بە تێكڕا دەستی كار لە زۆربەی زۆری پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەت دەگاتە نزیكەی 91٪ لە هەموو هەرێمی كوردستان.

 

ئەنجامەكان: دەشڵێت، لە تێكڕای پرۆژەكانی وەبەرهێنان ئێستا سەرووی 61 هەزار دەرفەتی كاركردن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە پرۆژەكان هەیە، هەروەها بەشێوەی ناڕاستەخۆ بە هەزاران دەرفەتی كاری دیكە لە كەرتی تایبەت جێبەجێ كراوە.

 

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئەم ئامارانەشی ئاشكرا كرد:

- وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2025 بەشدارییان لە چەندین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كردووە.

 

- نزیكەی 15 وەبەرهێنەر لە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس بەشدارییان كرد لەگەڵ دروستكردنی ماڵی كوردستان بەشدارییەكی كاریگەریان هەبوو.

 

- لە ساڵی 2025، دەستەی وەبەرهێنان بە هاوكاری لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دوو كۆڕبەندی ئابووری لە هۆڵەندا و ئیتاڵیا جێبەجێ كردووە.

 

- هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2025 بۆ یەكەمجار بەشداری سیا پاریسی كردووە كە پێشانگایەكی گەورەی كشتوكاڵییە، چەندین كۆمپانیای هەرێمی كوردستان لەو پێشانگەیەدا بەشدارییان كرد.

 

- دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ چەندین وەبەرهێنەر بەشداریی كۆنگرەی جیهانی كرد لە ئەبوزەبی كە ساڵانە دەكرێت.

 

- بەشدارییان لە پێشانگای گۆلفۆد لە دوبەی كردووە، پێشانگەیەكی گەورەی وڵاتانی كەنداوە و ساڵانە دەكرێتەوە، "بۆ ساڵی ئایندەش بەشداریی دەكەین".

 

- بەشداریكردن لە پێشانگەی گەورەی كشتوكاڵی لە ئەستەنبۆڵ.

 

لەلایەكی دیكەوە: سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان باس لەوەش دەكات، لە ساڵی 2025 چەندین گەورە كارگەی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بەردی بناغەیان دانراوە و مۆڵەتیان پێدراوە، بەشێكیان گەیشتوونەتە قۆناغی بەرهەمهێنان.

 

بەشێكی ئەو كارگانە، ئەمانەن:

- كارگەی دروستكردنی جمسمبۆرد و مەوادی ئینشائی كە یەكێكە لە كارگە هەر گەورەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و بە هەزاران دەرفەتی كاری جێبەجێ كردووە.

 

- پرۆژەی مێگەل كە ئێستا دەستی بە كارەكانی كردووە، دەرفەتی كاری بۆ سەروو 500 كەسی خەڵكی كوردستان جێبەجێ كردووە، ئەویش بابەتی بازرگانیكردنە بە گۆشت و بەخێوكردنی ئاژەڵ.

 

- دروستكردنی كارگەی ڕۆڵەی ئاسن، بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە و لە داهاتوویەكی زۆر نزیك دەكەوێتە باری جێبەجێكردن و ساڵی داهاتوو ئاسن بەرهەم دەهێنێت و دەنێردرێتە دەرەوەی وڵاتیش.

 

- هەر ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت دراوە بە كارگەیەكی گەورەی دروستكردنی كەرپووچ (خشت) كە گەورەترین كورەی دروستكردنی كەرپووچ-ە لە هەرێمی كوردستان.

 

- باشترین كارگەی دروستكردنی چیمەنتۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە كە ساڵانە 15 ملیۆن تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت.

 

- باشترین كارگەی دروستكردنی شیش لە هەرێمی كوردستان هەیە ساڵانە سەرووی سێ ملیۆن تەن شیش بەرهەم دەهێنێت.

 

ئەمەش بزانە: بەپێی ئامارەكانی دەستەی وەبەرهێنان كە سەرۆكی دەستەكە ئاشكرای كرد، ئەمساڵ 42 پرۆژەی گەورەی گەشتیاری لەسەر ڕووبەری جیاواز لە ناو نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری هەیە. هاوكات دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2025 پێشوازی لە سەدان شاندی بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی كردووە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ