سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی دەکات

شەیری بکە لە:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی دەکات

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

 

وێنە گەورەکە: ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە 294  پەرلەمانتار دەنگیان دا، فەرهاد ئەترووشی کاندیدی پارتی توانی 178 دەنگ بەدەستبهێنێت، لەبەرامبەردا ڕێبوار کەریم کاندیدی ڕەوتی هەڵویست 104 دەنگی بەدەستهێنا، ژمارەی دەنگە پووچەڵەکانیش 12 دەنگ بوو.

 

پەیامی فەرمی: لە پەیامێکی پیرۆزباییدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت: بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و ئومێدی سەرکەوتنتان لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ دەخوازم.

 

- سەرۆکوەزیران هیوادارە فەرهاد ئەترووشی بە "هاوکاری و هاوئاهەنگیی  لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی  پەرلەمان بتوانن خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بکەن و لە هەمانکاتدا، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانیش بکەن".

 

لەلایەکی دیکە: هاوکات سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و ڕایگەیاند، هیوادارم ئەندامانی خولی ئەمجارەی پەرلەمان، لە ئاست چاوەڕوانیی و خواستی خەڵکی عێراقدا بن و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و بتوانن پڕۆژە یاسای پێویست و گرنگ لە بەرژەوەندی گشت پێکهاتەکان پەسەند بکەن.

 

- ئومێدەوارین پەرلەمان وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بگێڕێت.

 

لە پەیامێکی دیکەی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی لە عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و ڕایگەیاند: ئومێدەوارین دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بە گشتیی، ڕۆلی گرنگیی خۆیان لە بواری یاسادانان و دەرکردنی پڕۆژە یاساکان لە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدا لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیدا ببینن.

 

باکگراوند: ڕۆژی دووشەممە لە گەڕی یەکەم و دووەم هیچکام لە شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی و ڕێبوار کەریم کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن.

 

ئەمڕۆ سێشەممە بۆ گەڕی سێیەم پارتی، شاخەوان عەبدوڵڵای کشاندەوە و فەرهاد ئەترووشی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کاندید کرد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: