بەفر مەرز و ڕێگەکانی هەرێمی پەکخستووە؛ ئاڤا وردەکاریی داخرانەکان بڵاودەکاتەوە

شەیری بکە لە:
بەفر مەرز و ڕێگەکانی هەرێمی پەکخستووە؛ ئاڤا وردەکاریی داخرانەکان بڵاودەکاتەوە

دیمەنی بەرفربارین لە هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

کەشناسی ڕایگەیاندووە، ئەمشەو شەپۆلی بەفر و باران کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا بەشێک لە ڕێگا سەرەکییەکان و دەروازە نێودەوڵەتییەکان و لاوەکییەکان نەکراونەتەوە. ئاڤا بەدواداچوونی وردی کردووە، بەهۆی بەفرێکی زۆرەوە ئاستەنگ بۆ چەند ڕێگایەک دروست بووە و چەند دەروازەیەکیش بە داخراوی ماونەتەوە.

وێنە گەورەکە:
شەپۆلی ئەم دواییەی بەفربارین تەنیا ڕێگە لاوەکییەکانی دانەخستووە، بەڵکو دەروازە گرنگە بازرگانییەکانی وەک حاجی ئۆمەران، کێلێ، زێت و سەرزێڕێ بە داخراوی ماونەتەوە. ئەم دۆخە پەککەوتنی بازرگانی و پچڕانی پەیوەندیی سەدان گوندی لێ کەوتووەتەوە، کە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ خێرایی تیمەکانی فریاکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە سرووشتییەکان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە دوورەدەستەکان.

چیرۆکی سەرەکی:
کەشناسیی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنی شەپۆلەکەی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئاسەوارەکانی بەفر هێشتا لەسەر ڕێگەکان ماونەتەوە. بەپێی بەدواداچوونی مەیدانیی ئاڤا، دۆخی ناوچەکان بەم شێوەیەیە:

پارێزگای سلێمانی

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە ئاستەنگ لە سنووری پێنجوێن دروست ببوو، ئاڤا بەدواداچوونی کرد.

- ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوبەری پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگاوبانی پێنجوێن بە ئاڤای ڕاگەیاند، ڕێگای نێوان پێنجوێن بۆ سلێمانی ئێستا ئاساییە و هاتوچۆی تێدا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگای مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاساییە و بەڕووی گەشتیار و بارهەڵگردا کراوەیە. بەڵام ڕێگای مەرزی نیمچە نێودەوڵەتی "سەیرانبەن" ماوەی پێنج ڕۆژە داخراوەو هەوڵ دەدرێت ئەمشەو بە تەواوی ڕێگاکە بکرێتەوە.

ئەمیر سۆفی دەشڵێت: ڕێگای 70 گوند کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕێگای نزیکی 15 گوند نەکراوەتە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچانە مەترێک بەفر باریووە. ئێستا سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگای گوندەکانی کانی هەرمێ و کانی زەلین لە سنوری چەمی شلێر، لە چەند کاتژمێری داهاتوو ڕێگای ئەو گوندانەش دەکرێنەوە.

پارێزگای دهۆک

ئەم چەند ڕۆژە لە قەزای ئامێدی بەفرێکی زۆر باریووە، چەند جارێک ڕێگا سەرەکی و لاوەکییەکان داخران. بۆ دوایین زانیاریی ئاڤا پەیوەندی کرد بە ڕێدیر سلێمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی دهۆک، ئەو دەڵێت: زۆربەی ڕێگاکانی دهۆک کراونەتەوە، ڕێگای نێوان دهۆک و شارەکان هەمووی کراوەیە، بەڵام لە ناحیەی سەرسنک ڕێگای لاوەکی هەیە داخراوە. ئێستا تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگای گوندەکانی نێوان ئامێدی بۆ سەرسنکن، زۆربەی گوندەکان هیچ کێشەیەکیان نەماوە.

ڕێدیر سلێمان دەشڵێت: ئەوەی تا ئێستا نەتوانراوە پاک بکرێتەوە، ڕێگای کانی ماسێ بۆ دەروازی سەرزێڕێیە، بۆیە مەرزەکە بە داخراوی ماوەتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی بەفربارین لەو ناوچەیە بەردوامە.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

ئاڤا میدیا لەگەڵ ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قسەیکردووە، پێیان ڕاگەیاندین، هیچ یەک لە ڕێگا سەرەکییەکان دانەخراون، بەڵام لە ڕێگای نێوان قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا ئاستەنگ هەیە، هاتوچۆکردن زەحمەتە. هاوکات ڕێگای شەش بۆ حەوت گوند داخراون و گوندەکان سێ بۆ چوار ماڵی لێیە. بەیانی ڕێگای ئەو گوندانەش دەکرێنەوە.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین

لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین چەند ڕێگایەکی سەرەکی هەن، بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگیان بۆ دروست بووە.

- ئومێد حەمە، بەڕێوبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپەڕین بە ئاڤای ڕاگەیاند، هەریەکە لە ڕێگاکانی مەرزی کێلێ، بەشێک لە گوندەکانی سنووری پشدەر و زینی وەرتێ، تا ئێستا نەکراونەتەوە، کارکردن تیایاندا بەردەوامە و پێشبینی دەکەین بۆ سبەی ئێوارە ڕێگاکان بەتەواوی بکرێنەوە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

یەکێک لە دەروازە نێودەوڵەتی و سەرەکییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەروازەی حاجی ئۆمەرانە، بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ڕێگای دەروازەکە داخراوە و هاتووچۆ تیایدا وەستاوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەروازەی زێت داخراوە و بەهۆی بەفربارینێکی زۆر ڕێگای دەروازەکە بە داخراوی ماوەتەوە. 

ئەوەی ئێستا ئاستەنگی هەیە، ڕێگاکانی زینی وەرتێیە، بەهۆی شەختەوە ئاستەنگی هاتوچۆ هەیە. ڕێگای زینەتیر کە دەکەوێتە شەقڵاوە و دۆڵی بالیسان داخراوە و تا ئێستا نەکراوەتەوە. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ