تا یەکلاییکردنەوەی سەرۆکوەزیران چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو دوو ڕۆژ جارێک کۆدەبێتەوە

شەیری بکە لە:
تا یەکلاییکردنەوەی سەرۆکوەزیران چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو دوو ڕۆژ جارێک کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی. وێنە؛ ئەرشیف

ئاڤا نیوز

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆبوونەوەکانی بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران چڕدەکاتەوە و هەموو "دوو ڕۆژ" جارێک کۆدەبێتەوە، هاوپەیمانی ئەساسی موحسین مەندەلاویش دەڵێت، لێکنزیکبوونەوەی زۆر لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران هەیە.

وێنە گەورەکە: هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەردەوامن، گفتوگۆکان بەردەوامن و هەوڵ دەدەن بەر لە وادەی دەستووری کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن.

لێدوانی فەرمی: ئەحمەد مەعمووری، وتەبێژی هاوپەیمانی ئەساس کە یەکێکە لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەکانیان بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران چڕکردووەتەوە و بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم شایستە دەستوورییە، هەموو دوو ڕۆژ جارێک کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکنزیکبوونەوەی زۆر لەنێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ڕێککەوتن لەسەر کەسێک و هەڵبژاردنی بە سەرۆکوەزیران هەیە، ڕێککەوتنیش هەیە کە ئەم بابەتە لە ماوەی دەستووری دیاریکراودا یەکلایی بکرێتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوێنێ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی نائاساییان هەبوو، بەڵام کۆبوونەوەکە هیچ ڕاگەیێنراوێکی بۆ ڕایگشتی تێدا بڵاونەکرایەوە، ئەوەش مانای وایە ناکۆکی لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران بەردەوامە و تائێستا هیچ کام لە کاندیدەکان بەتایبەتیش محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی، ئامادەنین نەرمی بۆ یەکتر بنوێنن.

زانیاریی زیاتر: پێش کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیان، عامر فائز، یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤای ڕاگەیاند، "پێشبینیی ناکەم ئەمڕۆ و بەم خێراییە کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین لەم بابەتەدا هەنگاوێکی تر بۆ پێشەوە بچین تا بە ڕێککەوتن و سازانی سەرجەم لایەنەکان، کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکەین و ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی دەکەین".

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ