نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بۆردوومانکرایەوە و شەهید و بریندار هەیە

شەیری بکە لە:
نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بۆردوومانکرایەوە و شەهید و بریندار هەیە

ساتی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسود

ئاڤا نیوز

 

ئەمشەو، چەکدارەکانی سەر بە سوپای سووریا سێ جار بۆردومانی نەخۆشخانەی خالید فەجریان کردووە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و شەهید و برینداری زۆر هەیە.

 

وێنە گەورەکە: چەکدارەکانی سەر بە سوپای سووریا، بەشێوەیەکی چڕ بۆردومانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکەن و دەستیان ناپارێزن لەوەی ناوچە مەدەنی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بکەنە ئامانج، لە ئەنجامدا خەڵکی زۆر شەهید و بریندار بوون و لە نێوانیاندا منداڵ و ژن و بەتەمەن هەیە.

 

لێدوانی فەرمی: عەبدولقادر حەسۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەشرەفیە بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئێستا شەڕو پێكدادان لە گەڕەكی ئەشرەفیە پێی ناوەتە قۆناغێكی دژوار و سەخت، هاوكات بەهۆی بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەكەمان لەلایەن هێزەكانی حكومەتی سووریا، كەسێك شەهید بووە و دووانی دیكەش برینداربوون كە برینەكانیان سووكە و چارەسەركراون.

 

ئەوەی ڕوودەدات: بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەریەک، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب بەردەوامە و تائێستا بەهۆیەوە جگە لە شەهیدبوونی 28 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 115 كەسی دیكە، هاوكات زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی سڤیل ئاوارە بوون، ئامارەکانیش ڕوو لە زیادبوونن.

 

زانیاری تایبەت: سۆلین، پەیامنێری ئاڤا ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی خالید فەجر لەکاتی بۆردومانەکەدا زۆر قەرەباڵغ بووە، لەبەرئەوەی چارەسەری خەڵکی مەدەنی دەکرا کە بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار ببوون.

 

لایەنێکی دیکەی ڕووداوەکە: پەیامنێری ئاڤا، ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی بریندارەکان زۆرن، بەڵام نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی فریاگوزاریی تەندروستی پێشکەش دەکەن، بە دەست کەمیی دەرمانەوە دەناڵێنن و هیچ لایەن و وڵاتێک هاوکارییان ناکات.

 

ئەوەی دەگوزەرێت: بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، نەخۆشخانەکە زیانی زۆری پێگەیشتووە و بەتەواوی دۆخی نەخۆشەکان خراپە و هیچ کەسێک لە چارەنووسیان دڵنیا نییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ