سەربڕخانەی مێگەل بە ڕووی هاووڵاتیان کرایەوە

شەیری بکە لە:
سەربڕخانەی مێگەل بە ڕووی هاووڵاتیان کرایەوە

پرۆژەی ئاژەڵداریی و سەربڕخانەی مێگەل لە هەولێر

ئاڤا نیوز

 

پرۆژەی ئاژەڵداریی و سەربڕخانەی مێگەل لە هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی بە ڕووی هاووڵاتیاندا کرایەوە و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر کراوەیە و توانای سەربڕینی 300 ئاژەڵی گەورە و سێ هەزار ئاژەڵی بچووک هەیە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ شەممە، سەربڕخانەیەکی هاوچەرخ بەناوی (مێگەل) لە شاری هەولێر کرایەوە، سەربڕخانەکە لەسەر ڕووبەریی 36 هەزار و 501 مەتر دووجا دروست کراوە و سێ بەشی گرنگ لە خۆ دەگرێت. 

 

لێدوانی فەرمی: هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە ئاڤای گوت: "پرۆژەی مێگەل کە پرۆژەیەکی هاوچەرخی وەبەرهێنانە و مۆڵەتی فەرمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بە ستانداردی جیهانی کاردەکات."

 

لە لایەکی دیکەوە: سەلیم حەسەن نێروەیی، خاوەن و بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەی ئاژەڵداری و سەربڕخانەی مێگەل، بە ئاڤای گوت: "هەرچەندە پێشتر مەیدان و سەربڕخانەکەمان وەکو تێست کرابووەوە، بەڵام لە ئەمڕۆوە بەشێوەیەکی فەرمی بەڕووی هاووڵاتیان کراوەتەوە، ڕۆژانەی لە هەشت کاتژمێر توانای سەربڕینی 300 ئاژەڵی گەورە و سێ هەزاری بچووک هەیە، هەموو یەکەکانی سەربڕین ئامادەیە و کارەکان بەپێی مەرجی تەندروستی و ستانداردی جیهانی دەکرێن."

 

سەلیم حەسەن دووپاتی کردەوە: "کەس ناتوانێت بچێتە ناو سەربڕخانە بەڵام خەڵک کاتێک دێن بۆ سەربڕخانەکەمان ئاژەڵ سەرببڕن، دەتوانن لە شوێنی چاوەڕوانی لە پشتی جامخانەوە تەواوی پرۆسەی سەربڕینەکە ببینن، هەر لەو کاتەی ئاژەڵیان لێوەردەگیرێت تا گۆشتەکەیان ڕادەست دەکرێتەوە."

 

ژمارەکان وادەڵێن: پرۆژەی مێگەل، 250 حەساری بەخێوکردنی ئاژەڵ، 107 مەیدانی فرۆشتن و 92 دوکان، لە خۆ دەگرێت، جگە لە بەشی بازاڕگەریی و پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل، کە شوێنی وەستانی هەزار و 500 ئۆتۆمبێلی هەیە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پرۆژەی ئاژەڵداری و سەربڕخانەی مێگەل لە 26-11-2025، لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کرایەوە، ئەم پرۆژەیە لەم بەشانە پێکدێت: 

 

٠ یەکەی پاڵاوتنی ئاوی پیس: توانای هەزار و 200 لیتر ئاوی پیسی هەیە.

٠ یەکەی پاڵاوتنی خوێن: خوێنی سەربڕینی ئاژەڵ لە پرۆژەکە ناچێتە دەرەوە بەڵکو بە رێگای پاڵاوتن بۆ کارگەکانی دروست کردنی ئالیک سوودی لێوەردەگیرێت.

٠ یەکەی سووتاندنی پاشەڕۆ: توانای وەرگرتنی هەزار و 500 کیلۆگرام پاشەڕۆی هەیە، لەم یەکەیە پاشەڕۆی ئاژەڵی سەربڕدارو دەسوتێنرێت، دوکەڵەکەشی فلتەر دەکرێت، واتا لە سوتاندنی پاشماوەکە هیچ دووکەڵ و گازێکی زیانبەخش دەرنادات.

٠ %25ـی ڕووبەری پڕۆژەکە کراوەتە سەوزایی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ