نووسینگەی مالیکی بۆ ئاڤا: نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری کرا

شەیری بکە لە:
نووسینگەی مالیکی بۆ ئاڤا: نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری کرا

نووری مالیکی، سەرۆکی حیزبی دەعوە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

چوارچێوەی هەماهەنگی، پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆکوەزیرانی تاووتوێ کرد. سەرچاوەیەک لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیکی بە ئاڤای وت، محەممەد شیاع سوودانی، لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق پاشەکشەی کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ نووری مالیکی دەربڕی.

لێدوانی فەرمی: نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیکی بۆ ئاڤا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ئێستا مالیکی وەک کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی دیاریکراوە. تەنیا چەند گفتوگۆیەکی کەم ماوە بۆئەوەی ئەم بڕیارە و پشتیوانییەکەی سوودانی بە شێوەیەکی فەرمی ڕابگەیێنرێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی چوارچێوەی هەماهەنگی، کۆبوونەوەکە لە ماڵی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەچوو و تێیدا لایەنەکان گەیشتنە لێکتێگەیشتنی نوێ کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی.

دانیشتنەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە و تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات کراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: عوسمان شەیبانی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند "بە فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کرد".

کاریگەریی و لێکەوتەکان: کشانەوەی سوودانی لە کاتێکدایە؛ ناوبراو وەک ڕکابەرێکی بەهێز بۆ ویلایەتی دووەم دەبینرا، بەڵام پشتیوانیکردنی لە مالیکی کۆتایی بە بنبەستی سیاسیی نێوان سەرکردە شیعەکان هێنا.

نووری مالیکی ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەیە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕابسپێردرێت.

ئەمەش بزانە: نووری مالیکی پێشتریش لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 بۆ دوو خولی یەک لەدوای یەک سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە. بڕیاری پاشەکشەی سوودانی لە بەرژەوەندیی ئەو، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی نەخشەی هاوپەیمانییەکان و هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی هاوسەنگییەکان لە بەغدا لەژێر چەتری چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ