ڕەوتی حیکمە بۆ ئاڤا: سوودانی بە مەرجی ڕازیبوونی هەموو لایەنەکان سازشی بۆ مالیکی کردووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بۆ ئاڤا دووپاتی کردەوە، محەممەد شیاع سوودانی نەکشاوەتەوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵکو سازشی بۆ مالیکی کردووە تاوەکو بە مەرجی ڕازیبوونی هەموو لایەنەکان کاندید بێت.

چیرۆکی سەرەکی: لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، محەممەد شیاع سوودانی کە کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران بوو بەرامبەر نووری مالیکی کشایەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ ناوبراو دەربڕی، بەڵام پرسەکە بە فەرمی یەکلایی نەکراوەتەوە و سوودانی مەرجی "قورسی" داناوە.

لێدوانی فەرمی: عەبدوڵڵا زەید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ڕەوتی حیکمە و بەرپرسی دۆسیەی کورد لەنێو ڕەوتەکە لە گەشتی هەواڵی ڕۆژان وتی: تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی یەکلایی نەکردووەتەوە، تەنیا ئەوە بووە کە سوودانی سازشی بۆ نووری مالیکی کردووە بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی چوارچێوەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت بارودۆخی ناوخۆیی و ڕای مەرجەعیەت و موقتەدا سەدر و وڵاتانی دەوروبەر بزانرێت بۆ دڵنیابوون لە کاندیدکردنی کەسێکی قبووڵکراو لە هەموو لایەنەکانەوە. گەرچی چوارچێوەی هەماهەنگی ویستویەتی ڕای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵا دەربارەی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، بەڵام مەرجەعیەت ڕەتیکردووەتەوە لێدوان بدات و داوای کردووە ئەم جۆرە پرسانەی ئاراستە نەکرێت.

زانیاریی زیاتر: زەیدی هەڵوێستی ڕەوتی حیکمەی دەربارەی پرسی سەرۆکوەزیران بۆ ئاڤا ئاشكرا کرد و ڕایگەیاند؛ "ئێمە وەکو ڕەوتی حیکمە نە کاندیدمان هەیە نە پاڵپشتی کەسمان کردووە و دەنگ بەوە دەدەین کە کۆدەنگیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر بێت."

ڕەوتەکە جەختی لەسەر بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتی کرد لە حکومەتی داهاتووی عێراق کردەوە کە هەر سەرۆکوەزیرانێک بە یارمەتی و هاوبەشیکردنی لایەنە سیاسییەکانی کورد و سوننە حکومەت پێکدێنێت و ڕەچاوی پشکی پێکهاتەکان دەکات.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: زەیدی وتی: "هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی داوای وەزارەتی دەرەوەی نەکردووە و دەنگۆی کاندیدکردنی سوودانی بۆ ئەو پۆستە بە ڕاست نازانم و هیچکام لە وەزارەت و پۆستەکان دابەشنەکراون بەسەر هیچ لایەنێک."

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ