لە پێنج میحوەری ڕۆژئاوای کوردستان مەترسی هێرشێکی فراوان هەیە بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە

شەیری بکە لە:
لە پێنج میحوەری ڕۆژئاوای کوردستان مەترسی هێرشێکی فراوان هەیە بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە

هێرشی چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود

ئاڤا نیوز

دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە پێنج میحوەری جیاواز لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان بە کۆکردنەوەی هێز و چەکی قورس کردووە؛ مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ئانوساتدایە.

چیرۆکی سەرەکی: بەپێی زانیارییە مەیدانییەکانی ئاڤا میدیا لەناو ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، ئامادەکارییە سەربازییەکان لەم پێنج ناوچە ستراتیژییەدا چڕبوونەتەوە:

دێرحافر و مەسکەنە: نزیکترین ناوچەی ژێردەسەڵاتی هەسەدەیە لە حەلەب، سوپای سووریا سەدان چەکدار و تانک و تۆپ و زرێپۆشێکی زۆری کۆکردۆتەوە.

ئەو دوو ناوچەی عەرەبین و سەر بە ڕەقەن و لەژێر دەستی هەسەدەن، بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، سوپای سووریا دەستی بە هاندانی عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە کردووە لە هەسەدە هەڵبگەڕێنەوە، هۆزە عەرەبییەکانیش سەدان و هەزاران ئەندامیان لەناو هەسەدە هەیە.

بەنداوی تشرین:
دڵە کارەباییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کە شەوی ڕابردوو تۆپباران کرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە درەنگانی شەوی رابردوو ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بە چڕی بەنداوی تشرینیان تۆپباران کردووە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنی خۆکوژ لە ئاسمانی بەنداوەکەدا سووڕاونەتەوە.

٠ بەنداوەکە شوێنێکی زۆر ستراتیژییە، کارەبای بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای کوردستان و چەند شارێکی سووریا دابین دەکات، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشدار ئەسەدیش چەندین مانگ گرووپە چەکدارەکان هێرشی بەردەوامیان کردە سەر نەیانتوانی کۆنترۆڵی بکەن، هەسەدە سەدان شەهید و برینداری لەپێناو دا ئامادەنەبوو دەستبەرداری بێت.

عەین عیسا و ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ: دوو خاڵی هەستیار کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا تێیاندا جێگیرکراون. لەو دوو ناوچەیەش گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: سوپای سووریا (لە ڕێگەی ئاژانسی سانا): "کۆکردنەوەی هێزەکانمان لە دێرحافر و مەسکەنە وەڵامێکە بۆ جووڵەکانی هەسەدە؛ زانیاریی هەواڵگریمان هەیە کە ئەوان هێزیان کۆکردووەتەوە و ڕێگە نادەین ئاسایش تێکبچێت."

لەلایەکی دیکەوە: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە): "هیچ هێزێکمان کۆنەکردووەتەوە؛ ئەوەی سوپای سووریا باسی دەکات چەواشەکارییە. تەنیا خەڵکی مەدەنی بۆ پێشوازیکردن لە شەڕڤانانی حەلەب و وەرگرتنەوەی تەرمی شەهیدان لەسەر شەقامەکان بوون."

لێدوانی فەرمی: ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی باڵای پەیەدە پێشتر بە ئاڤای ڕاگەیاند: "پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازی دوایین بژاردەی ئێمەیە، بەڵام ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکەین."

ئەوەی پێویستە بیزانیت:
مەترسییەکە تەنیا سوپای سووریا نییە؛ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هاوکات لەگەڵ تانکەکانی دیمەشق دەستیان بە جووڵە کردووە. لە بەنداوی تشرین درۆنی خۆکوژ و فڕۆکەی جەنگی لە ئاسماندا بینراون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ