دوو کاندیدی سەرۆککۆمار دوورخرانەوە یەکێک کوردە و یەکێک عەرەبە

شەیری بکە لە:
دوو کاندیدی سەرۆککۆمار دوورخرانەوە یەکێک کوردە و یەکێک عەرەبە

گرافیک - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق سەرنجی لەسەر دوو كاندیدی سەرۆككۆمار نیشان داوە و بەو هۆیەش لە كێبڕكێكە دووردەخرێنەوە، تائێستاش پرۆسەی وردبینیی لە لیستی كاندیدەكانی سەرۆككۆمار بەردەوامە و لە كۆی 81 كاندید، سێ كاندیدیان دوورخراونەتەوە یان خۆیان كشاونەتەوە.

 

چیرۆكی سەرەكی: سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ 12-1-2026 بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق كە تایبەتە بە ڕیشەكێشكردنی بەرپرسانی حیزبی بەعس، تێبینیی لەسەر كاندیدبوونی هەریەكە لە عەبدولسەلام زیاب حەسەن (كاندیدی ژمارە 73) و فەریقی یەكەم ئەنوەر حەمەد ئەمین ئەحمەد (كاندیدی ژمارە 21) لە لیستی كاندیدانی سەرۆككۆمار هەیە، بەوپێیەش مەرجەكانی كاندیدبوونیان تێدا نییە.

 

ڕێكارەكان: وتیشی، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو كاندیدانەی مەرجەكانیان تێدانییە، لەدەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، پاش ئەوەی لیژنەی وردبینی لە ناوی كاندیدەكان ڕاسپاردەی خۆی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزدەكاتەوە.

 

زانیاری زیاتر: 10ـی ئەم مانگەش ئاڤا میدیا وەك یەكەم كەناڵ بڵاویكردەوە، سیروان ئەحمەد رەشید كوێخا عەزیز (كاندیدی ژمارە 25) لە لیستی كاندیدانی سەرۆككۆمار و كاندیدی نزیك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كشاوەتەوە، ئەوكاتیش بەرپرسێكی پەرلەمانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاندبوو، زیاتر لە 11 كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار دووردەخرێنەوە، چونكە مەرجی "ئەزموونی سیاسییان" تێدا نییە.

 

باكگراوند: دوای ئەوەی دووشەممەی ڕابردوو وادەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كۆتاییهات، 81 كەس خۆیان كاندیدكرد، پەرلەمانی عێراق پێنج نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، تیایدا سیڤی و سەرجەم بەڵگەی كاندیدەكانی لەگەڵدا هاوپێچ كردووە، ئەویش بەمەبەستی:

 

یەكەم بۆ ئەوەی بزانن دایك و باوكی كاندیدی سەرۆككۆمار عێراقیە

دووەم كاندیدەكە بەڵگەی تاوانی نییە

سێیەم بزانن بڕوانامەكانیان دروستە

چوارەم نوسراو بۆ دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی كراوە تا دڵنیا بن یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس نایانگرێتەوە

پێنجەم بۆ دەستەی دەستپاكی نوسراو كراوە تا دڵنیا بن كە هیچ دۆسیەكیان لەسەر نییە

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ