سوپای سووریا زەنگی شەڕی لێدا؛ لە هەشت کاتژمێر چۆڵی بکەن

شەیری بکە لە:
سوپای سووریا زەنگی شەڕی لێدا؛ لە هەشت کاتژمێر چۆڵی بکەن

دیمەنی گواستنەوەی چەکی قورس لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا بۆ ناوچە کوردییەکان. وێنە؛ AA

ئاڤا نیوز

سوپای عەرەبی سووریا، دانیشتووانی ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب ئاگادار دەکاتەوە دەست بە هێرشی فراوان دەکەن، بۆیە پێویستە لەماوەی هەشت کاتژمێر ناوچەکان چۆڵ بکەن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە ڕاگەیێنراوێکدا سوپای سووریا کە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە دەڵێت، زنجیرەیەک ڕێکاری سەربازی دژی هەسەدە دەگرێتە بەر. بۆیە سبەی پێنجشەممە لە کاتژمیر 9ـی بەیانی تا 5ـی ئێوارە پێویستە دانیشتووانی ئەو ناوچانە چۆڵی بکەن.

داواش لە دانیشتووان دەکات بە مەبەستی پاراستنی گیانیان، لە سنووری دێر حافر و مەسکەنە لە تەواوی بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هەسەدە دووربکەونەوە.

لەلایەکی دیکەوە: سوپای سووریا بانگەواز بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی دەکات ڕێڕەوێکی مەدەنی دەکەنەوە لە ڕێگای گوندی حەمیمە کە دێر حافر و حەلەب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاووڵاتیان دەتوانن ئەو رێگایە بەکاربهێنن بۆ دەربازبوون لە ناوچەکانی شەڕ کە پێشتر دەستنیشانکراون.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداری لە بەرپابوونی شەڕێکی گەورە دەدات و ڕایدەگەیێنێت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین ڕووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازیی مەترسیدار و هێرشی سیستەماتیک بوونەتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەم پەرەسەندنە بە بەشداریی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئەنجام دەدرێت و ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و پەکخستنی ژیانی مەدەنییەکانە.

بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا زیاتر لە 12 هێرشیان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپهاوێژ کردووەتە سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی دەوروبەری، تاوەکو ئێستاش بۆردومانەکان بەردەوامن.

هاوکات، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە جۆری "بایرەکدار" چوار جار شاری مەسکەنەیان بۆردوومان کردووە و خاڵێکی سەربازیشیان لە گوندی "ئەلبوعاسی" لە گوندەواری تەبقا پێکاوە. وە هێرشی زەمینیشیان کردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ