ئیلهام ئەحمەد لەسەر ڕووداوەکانی حەلەب ڕەخنەی تووند لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت

شەیری بکە لە:
ئیلهام ئەحمەد لەسەر ڕووداوەکانی حەلەب ڕەخنەی تووند لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت

دیمەنی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، حەوت ئەندامی بنەماڵەکەم لە حەلەب شەهید بوون، هۆشداریی تووند دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕایدەگەیێنێت، ئەگەر کۆمەڵکوژییەکانی حەلەب ڕانەگیرێن، بیری تووندڕەوی دەگاتە دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.

چیرۆکی سەرەکی: بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سووپای عەرەبی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی سڤیل و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب شەهید و بریندار بوون، لەگەڵ ئاوارەبوونی سەدان خێزانی نیشتەجێبووی ئەو گەڕەکانە.

لێدوانی فەرمی: ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای دەکات، تەنیا لە بنەماڵەی خۆی حەوت کەس بەهۆی مووشەکبارانی پاسێکەوە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود شەهید بوون، هاوکات حکومەتی دیمەشق بە پێشێلکردنی هەموو بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەی تۆمەتبار دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، بارودۆخی حەلەب زۆر مەترسیدارە و ماڵ و موڵکی خەڵک تاڵان دەکرێت، تەنانەت بێڕێزی بەرامبەر تەرمی ئەو شەرڤانە ژنانە دەکرێت کە پێشتر جیهانیان لە مەترسیی داعش پاراست.

لەلایەکی دیکەوە: بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕەخنەی تووندی لە بێدەنگیی جیهان گرت بەرامبەر ئەو تووندڕەوانەی ئێستا لەناو سووریادان و جەختی کردەوە، ئەم بیرۆکە تووندڕەوییە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دەرەوە هاتوون، دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە و ئارامیی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

زانیاریی زیاتر: بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە جیهان کرد زۆر بە جددی لەم مەسەلەیە بڕوانن و هەڵوێستێکی ڕاست و دروستیان هەبێت. دووپاتی کردەوە، سوپا لەبری پاراستنی هاووڵاتیان، بە دڕندانەترین شێوە هێرش دەکاتە سەر گەلەکەی خۆی و ئەوەی لەسەر زەوی دەیکات تەواو پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە بە شاندە نێودەوڵەتییەکانی داوە، ئەمەش وای کردووە دۆخی مرۆیی بگاتە ئاستێکی کارەساتبار.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ