فەرماندەی یەپەژە بۆ ئاڤا: ڕادەستی سوپای عەرەبی سووریا نابین و دەجەنگین

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی دیمەش داگیرکرنی هەموو ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ئێمە لە ئامادەباشیی تەواو داین و بەرگری لە خەڵک و دەستکەوتەکانمان دەکەین.

چیرۆکی سەرەکی: بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان ئاوارە بوون، هاوکات ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون.

لێدوانی فەرمی: ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە ئاڤای گوت: هێرشی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر هەموو پێکهاتەکانی سووریایە و ئامانجیشی لەو هێرشانە داگیرکردنی هەموو ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ئێمە ڕادەستی ئەو سوپایە نابین و ئامانجمانە خەڵک و دەستکەوتەکانمان بپارێزین.

دووپاتیشی کردەوە، داوای ئاشتی لە حکومەتی سووریا دەکەین، ئێستا هیچ دانوستانێک لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا نییە، ئەگەر دیمەشق جددی بێت، ئامادەین بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام بەم بیرکردنەوەی ئێستای ئەوان نابینە بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتە.

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، دیمەشق هۆکاری تێکدانی ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادارە و هێرشەکانیشی لەڕێگەی گرووپە چەکدارە جیاوازەکانەوە دەکات، بەداخەوە هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش وەک پێویست نەبووە، لەکاتێکدا هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب تاکلایەن نەبوو.

لەلایەکی دیکەوە: ڕۆهلات عەفرین وتی، ئێمە لە یەک کاتدا شەڕی گرووپە چەکدارەکان و داعش دەکەین، لەگەڵ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا، داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات، ئامانجمان پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی سووریایە، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە بەرامبەر ئەم دۆخەی ئێستا بوەستنەوە.

لەبارەی بەردەوامی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا، ڕۆهلات عەفرین گوتی، ئەم هێرشانە بە ئامانجی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئێمەش لە بەرامبەری هەڕەشەکانی دیمەشق لە ئامادەباشیی تەواو داین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ