شاسوار عەبدولواحید: لە زیندان بیرکردنەوەم گۆڕاوە و ئامادەی گۆڕانکاریم

شەیری بکە لە:
شاسوار عەبدولواحید: لە زیندان بیرکردنەوەم گۆڕاوە و ئامادەی گۆڕانکاریم

ئاڤا نیوز

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دوای پێنج مانگ لە زیندانیکردن، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە کەفالەت ئازاد کرا و لە یەکەم دەرکەوتنیدا پەیامی بۆ قۆناغی داهاتووی سیاسیی خۆی و جووڵانەوەکەی نارد.

وێنە گەورەکە:
ئازادبوونی شاسوار عەبدولواحید دەیەوێت زیندانیکردنی وەک "وانەیەک" و دەرفەتێک بۆ "گۆڕینی بیرکردنەوە" پێشان بدات، تاوەکو جارێکی دیکە جەماوەرەکەی لە دەوری پڕۆژەی "گۆڕانکاری" کۆبکاتەوە و بیسەلمێنێت کە غیابی ئەو لە مەیدانەکە، تەنیا "موئامەرە" بووە دژی حزبەکەی ئەمەشی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەونیدا باس کرد.

چیرۆکی سەرەکی: شاسوار عەبدولواحید ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی ماوەی زیندانیکردنی و پلانی داهاتووی:

- تۆمەتەکان: ڕایگەیاند لەو پێنج مانگەدا ڕووبەڕووی 10 سکاڵا بووەتەوە کە بەشێکیان هیچ پەیوەندییان بەوەوە نەبووە و تەنیا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردنی بوون.

- دۆخی زیندان:
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەشکەنجە نەدراوە، بەڵام بۆ ماوەی 156 ڕۆژ لەناو یەک ژووردا بووە و دەستگیرکردنەکەی بە "ناحەق و غەدر" ناوبرد.

- بانگەوازی سیاسی: داوای لە هەموو لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی کرد بێنە پێشەوە بۆ هاوپەیمانێتی، تاوەکو بە 15 کورسییەکەی هەرێم و 3 کورسییەکەی بەغداوە گۆڕانکاری دروست بکەن.

بێبەریبوونی شاسوار عەبدولواحید لە پڕۆژەی "چاڤی لاند": لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا گوتی ئەو پڕۆژەیەم لە ڕابردوو بۆ خزمەتی سلێمانی دروستکردووە و ئێستا هی من نەماوە فرۆشتوومە، ئارەزوو دەکەن بیسووتێنن پەیوەندی بەمنەوە نەماوە. 

لەلایەکی دیکەوە: شاسوار عەبدولواحید، هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ هەریەکە لە حیزبەکانی " یەکێتی ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ و هەڵوێست" خستەڕوو کە جوڵانەوەکەی ئامادەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاستەوخۆ سەرۆکی یەکێتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وەڵامی دایەوە و گوتی " پێشنیازی من بۆ جەنابت ئەوەیە، شاندێکی یەکێتی بە سەرپەرشتی خۆمەوە ڕۆژی شەممە دێینە خزمەتت و گفتوگۆ دەکەین".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: شاسوار عەبدولواحید لە 12ـی ئابی ساڵی ڕابردووەوە دەستگیر کرابوو. سزاکەی لەسەر بنەمای ماددەی دووی "یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی" بوو. هەرچەندە ماوەی سزاکەی تەواو ببوو، بەڵام بەهۆی بوونی چەند سکاڵایەکی دیکە (لەوانە سکاڵای خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند و شارەوانیی کۆیە)، ئازادکردنی تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە دواکەوت و دواجار بە کەفالەت ئازاد کرا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ