ئەحمەد شەرع مەرسوومێکی هەشت خاڵی لە بەرژەوەندی کورد دەردەکات

شەیری بکە لە:
ئەحمەد شەرع مەرسوومێکی هەشت خاڵی لە بەرژەوەندی کورد دەردەکات

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا

ئاڤا نیوز

سەرۆککۆماری سووریا فەرمانی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 ـی دەرکرد، تێیدا دان بە بەشێکی زۆری ماف و داواکارییەکانی کوردی سووریا دەنێت لەوانەش؛ خوێندن بە کوردی و بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی و جەژنی نەورۆز.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ڕایگەیاند: مەرسوومێکی تایبەت بە پێکهاتەی کورد لە سووریا دەکرد کە لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە، بەپشتبەستن بە بڕگەکانی جاڕنامەی دەستوور و بەپێی مەرجەکانی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی هاوکات لەسەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە پێشخستنی یەکێتی نیشتمانی و دامەزراندنی مافە کولتووری و مەدەنییەکانی هەموو هاووڵاتیانی سووریا.

مەرسوومەکە پێکهاتووە لەم ماددانە:

یەکەم:
هاووڵاتیانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاون لە گەلی سووریا و شوناسی کولتووری و زمانەوانییان بەشێکی دانەبڕاون لە شوناسی نەتەوەیی یەکگرتوو و هەمەچەشنی سووریا.

دووەم: دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەچەشنی کولتووری و زمانەوانی هاوکات مافی هاووڵاتیانی کورد بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیا و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەری نەتەوەیی دەستەبەر دەکات.

سێیەم: زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە و ڕێگە پێدراوە خوێندن لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان لەو ناوچانەی کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتوان پێکدەهێنێت بە زمانی کوردی بێت وەکو بەشێک لە پرۆگرامی ئارەزوومەندانە یان وەک چالاکیەکی فەرهەنگی و پەروەردەیی بخوێنرێت.

چوارەم: کارکردن بە هەموو یاسا و ڕێوشوێنە تایبەتەکان کە لە ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێنەوە. ڕەگەزنامەی سووری بە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی بە ڕەچەڵەک کوردن و نیشتەجێی سووریان، لەوانەش کە لەدایکبوونیان تۆمار نەکراوە، بە یەکسانییەکی تەواو لە ماف و ئەرکەکاندا.

پێنجەم: جەژنی نەورۆز (21ی ئاداری هەموو ساڵێک) پشووی فەرمییە لە سەرانسەری کۆماری عەرەبی سووریا، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە هێمای بەهار و برایەتییە.

شەشەم: دەبێت میدیای دەوڵەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان پابەندن بە گرتنەبەری گوتارێکی نەتەوەیی گشتگیر، بەپێی یاسا هەر جۆرە جیاکارییەک یان دوورخستنەوەیەک لەسەر بنەمای نەتەوە یان زمان قەدەغەیە و هەرکەسێک هانی ناکۆکی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت.

حەوتەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی.

هەشتەم: ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەسەروبەندی واژۆکردنی مەرسوومەکە، شەرع لە پەیامێکی کورتی ڤیدیۆییدا کوردی بە نەوەی سەڵاحەددین ناوبرد و هۆشداریدا  باوەڕ بەو دەنگۆیانە نەکەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن حکومەتی سووریا خراپەی کوردی دەوێت و ڕایگەیاند: هەر کەسێک ئازارتان بدات دوژمنی ئێمەیە تا ڕۆژی دوایی. ناوبراو داوای کرد کە کوردێک کۆچی بە زۆرەملێ و ناچاری کۆچی دەرەوەی کردووە بگەڕێتەوە سووریا هاوکات داوایکرد بەشداربن لە بونیادنانی وڵاتەکە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ