هەولێر: ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان داوای گەڕانەوە بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان دەکەن

شەیری بکە لە:
هەولێر: ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان داوای گەڕانەوە بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان دەکەن

وەرگرتنی هاوکاریی لەلایەن خێزانێکی ئاوارە

ئاڤا نیوز

 

ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سنووری پارێزگازی هەولێر، ئەوانەی کە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، هەوڵی گەڕانەوە بۆ کەمپەکان دەدەن و نۆرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی خانوو لە ناو کەمپەکان. داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: نزار ساڵح، بەرپرسی کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر 121 هەزار و 631 ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان دەژین، ئێستا خەڵکێکی زۆر، هەم لە ناوخۆی کەمپەکان و هەم لە دەرەوەی کەمپەکان داوا دەکەن لە نێو کەمپەکان شوێنیان پێ بدرێت.

 

بەپێی ژمارەکان: لە کۆی 29 هەزار و 845 ئاوارەی سنووری پارێزگای هەولێر بەگشتی شەش هەزار و 657 سەرخێزان لە کەمپەکان دەژین کە لە سنووری هەولێر چوار کەمپی تایبەت بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەن. هەروەها 91 هەزار و 786 کەسی دیکە لە سەنتەری شار و شارۆچکە و لادێکان دەژین.

 

هۆکارەکانی داواکاریی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا بۆ نیشتەجێبوون لە ناو کەمپەکان:
- کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە دەرەوەی کەمپەکان، بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەتی عێراق وەکو پێویست بودجە و مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.


- حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە هاوکاری زۆر باشی دانیشتووانی ناو کەمپەکان دەکات، وەکو دابینکردنی خزمەتگوزاریی بێ بەرامبەر لە هەموو سێکتەرەکانی وەکو "تەندروستی، پەروەردە" و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەکو "پاککردنەوە، ئاو، کارەبا و پارێزگاریکردنیان لەڕووی ئەمنی و یاسایی لە ناو کەمپەکان" تەنانەت کارەبای 24 کاتژمێرییان بێ بەرامبەرە.


- هەموو ئەو ئاوارانەی لە ناو کەمپەکان دەژین، خانووی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە بەرامبەردا هیچ کرێیەک نادەن، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، دابینکردنی خانوو لەسەر ئەرکی خۆیانە.


- هەموو دوکان و کارە بازرگانییەکانی ناو کەمپەکان لەلایەن خودی ئاوارەکان خاوەنداری دەکرێن، واتە بەشێکی ئاوارەکان لە ناو کەمپەکان بزنسی خۆیان دەکەن.


- بوونی هاوکاری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان و خێرخوازەکان، هەروەها بڕی 200 لیتر نەوتی سپی بە هەر سەرخێزانێکی ناو کەمپەکان دەدرێت.


- بوونی تەواوی ئاسانکارییەکانی هاتن و چوون بۆ دەرەوەی کەمپەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری.


- ئاسانکاریکردنیان بۆ هەبوونی هەر بابەتێکی دیکە کە پەیوەست بێت بە ژیان و گوزەرانیان.

 

داواکارییەکان دوو جۆرن: 
- داواکاریی ناوخۆی کەمپەکان: 184 خێزان داواکاریی وەرگرتنی خانوو دەکەن، چونکە بەشێکی ئەو خێزانانە کە لە ناو کەمپەکان دەژین، بەهۆی پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە زیادیان کردووە و پێویستیان بە خانووی دیکە هەیە.


- داواکاریی دەرەوەی کەمپەکان: 571 خێزان داوای وەرگرتنی خانوو لە ناو کەمپەکان دەکەن، لەسەرەوە ئاماژە بە هۆکارەکانیان کراوە.

 

باکگراوند: لە سنووری پارێزگای هەولێر کەمپەکان لە چوار ناوچەی جیاوازن، وەکو (کەورگۆسک، قوشتەپە، باسرمە، دارەشەکران)، لە هەر چوار کەمپەکە شەش هەزار و 408 خانوو هەیە، بەڵام زیاتر لەو ژمارەیە، واتە شەش هەزار و 657 سەرخێزان جێگەی کراوەتەوە، لە هەندێک خانوودا زیاتر لە یەک خێزان دەژین.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ