مەسرور بارزانی بە "نەخشەڕێگایەکی نوێ" لە داڤۆس بەشدار دەبێت

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی بە "نەخشەڕێگایەکی نوێ" لە داڤۆس بەشدار دەبێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

بۆ پێنجەمین جار، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی سەرکردە باڵاکانی جیهان بەشداری لە 55ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس دەکات؛ ئامانجەکە نیشاندانی هێزی ئابووریی هەرێم و بەهێزکردنی هاوپەیمانییە دیپلۆماسییەکانە.

وێنە گەورەکە: داڤۆسی 2026 لە ژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. لە کاتێکدا جیهان بەدەست ئاڵۆزییە ئەمنی و ئابوورییەکانەوە دەناڵێنێت، ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان لەم سەکۆیەدا وەک "کارەکتەرێکی سەقامگیر"، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زەبەلاح لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری.

چیرۆکی سەرەکی:
لە ڕۆژانی 19 تاوەكو 23ـی ئەم مانگە، لە داڤۆسی سویسرا، 55ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بە بەشداری سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان و كەسایەتییە ئابوورییە كاریگەرەكان بەڕێوە دەچێت، تێیدا پرسە هەنووكەییە سیاسی و ئابوورییەكان و ئاڵنگاریە ئەمنییەكان لەسەر ئاستی باڵا دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ..

كێ بەشدار دەبێت؟: سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەپاڵ سەركردەكانی جیهان لە كۆڕبەندی داڤۆس بەشدارە، لەوانەش؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، مێرتز ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆكوەزیرانی قەتەر، زێڵێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا، ئاسف عەلی، سەرۆكی پاكستان، مارك كارنی، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆككۆماری میسر و د. بەرهەم ساڵح، كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان و چەند سەركردەیەكی دیكەی جیهان.

زانیاریی زیاتر: ساڵی سێیەمە لەسەر یەک هەرێمی کوردستان بە دروست کردنی ماڵی کوردستان (Kurdistan house)، بەشداری کۆڕبەندەكە دەکات.

لێدوانی فەرمی: سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و بە شێوەیەکی کارا لەم ڕووداوە نێودەوڵەتییەدا ئامادە دەبێت. ئامانجی سەرەکیی شاندەکە برەودانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و خستنەڕووی دیدگای هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە هەنووکەییەکان لەڕێگەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان.

دزەیی ڕوونیشیکردەوە، گفتوگۆکان تەنیا لەسەر لایەنی سیاسی نابن، بەڵکو ئاڵنگاری و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پرسە ئابوورییەکان، بەشێکی سەرەکیی ئەجێندای کۆبوونەوەکان دەبن، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی دەرفەتی نوێی هەماهەنگی.

پەیوەست بەم بابەتەوە: د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان بەناوی 'کوردستان هاوس' جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بە شێوەیەکی فراوانتر و لە شوێنێکی گەورەتردا بەشداریی کۆڕبەندی ئابووريی جیهانی داڤۆس دەکات، چەندین پانێڵ و چالاکیی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، مەبەست لێی زیاتر ناساندنی پێشكه‌وتنه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ جیهانی دەرەوە.

ئەمەش بزانە: جگە لە حکومەت، کەرتی تایبەت و 20گەورە سەرمایەدار و وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری کۆڕبەندەکە دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان هەلی وەبەرهێنان لە بوارەکانی، پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ڕەخسێنراوە، پێویستی بە دەستی وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە.


باکگراوند: کۆڕبەندی داڤۆس، ساڵی 1971 بە دەستپێشخەریی کلاوس شواب ئابووریناسی گەورەی ئەڵمانی دامەزراوە، ئامانجی دروستکردنی کەشێکی فراوانی گفتوگۆی ئابووری بووە لەسەر ئاستی سەرکردە سیاسی و بارزرگانی و ئەکادیمییە باڵاکان لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا. دواتر بازنەی کۆڕبەندەکە فراوان بووە و هەموو دنیای گرتووەتەوە. ئامانجی كۆڕبەندەکەش ئابووریی ئازاد و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنانە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ خاوەنکاران و كۆمپانیاكان و چارەسەرکردنی لەمپەر و کێشە سیاسییەکان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ