وەڵامدانەوەی تەلەفۆنێک لە هەولێر کارەساتێکی وەستاند

شەیری بکە لە:

خاوەنی ئەو ماڵەی لەبری نەوت بەنزینیان پێدرابوو

ئاڤا نیوز

 

لە شاری هەولێر، تەلەفۆنێک بۆ خاتوو بەسێ دەکرێت کە پرسەیان هەیە، ئەویش سەرقاڵی داگیرساندنی سۆپا دەبێت لە ماڵەوە و دەمودەست بڕیار دەدات بچێت بۆ پرسەکە و شقارتە و چەرخەکە بەجێ دەهێڵێت، بەڵام نازانێت ئەو تەلەفۆنە نەبوایە ماڵەکەی و خۆی دەسووتان و کارەساتێکی گەورە ڕووی دەدا.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ، 18-1-2026، بەنزینخانەی گەل لە شاری هەولێر، نەوتی سپی بایعی دابەشکردووە، بەڵام بەهەڵە بەنزینیان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکردووە کە سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی نەوت، بەو شێوەیەش 11 ماڵ لەبری نەوت بۆ ماڵەکانیان، بەنزینیان بردووەتەوە و ماڵی خاتوو بەسێ و کوڕەکەی یەکێک بوون لەو ماڵانە.

 

زانیاری زیاتر:  خاتوو بەسێ، ماڵیان لە گەڕەکی مامزاوای هەولێرە، ئەمڕۆ کوڕەکەی ڕۆیشتووە لە بەنزینخانە بەشە نەوتی بایعی وەرگرتووە و نیوەی بەرمیلە نەوتەکەی بەخشیوە بە دایکی و نیوەی بردووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و وەکو وتی: لە دڵی خۆمدا وتم ئیتر خەمی سەرمای ئەمساڵمان نابێت و نەوتمان هەیە.

 

خاتوو بەسێ، لە خۆشیدا سۆپای ماڵەکەی پڕدەکات و دەچێت شقارتە دەهێنێت بۆ ئەوەی دایبگیرسێنێت، بەڵام لەو کاتەدا تەلەفۆنی بۆ دەکرێت و پێی دەڵێن هاوسەری ئامۆزاکەت کۆچی دوایی کردووە و وەرە بۆ ماڵیان، ئەمیش بە پەلە واز لە سۆپاکە ئەهێنێ و ڕائەکات بۆ ماڵی ئامۆزاکەی و سۆپاکە داناگیرسێنێت.

 

ئەوەی پێشبینی نەدەکرا: خاتوو بەسێ بە گریانەوە بە نەجات هەرکی، پەیامنێری ئاڤای ڕاگەیاند، لە پرسەکە کوڕەکەی چەندین تەلەفۆنی بۆکردووە و ئاگای لێ نەبووە، کاتێک تەلەفۆنەکەی هەڵگرتووە، یەکسەر کوڕەکەی بە دەنگێکی شڵەژاویی پێی وتووە: "دایە، نەکەی ئەو سۆپایە دابگیرسێنی، ئەوەی وەرمانگرتووە نەوت نییە.. بەنزینە". 

 

 دایە بەسێ وتی: خودا ڕەحمی پێکردم، ئەو تەلەفۆنەی خزمەکەمان منی ڕزگار کرد، ئەگەر نەڕۆیشتمایە بۆ پرسەی خزمەکەمان، ئێستا خۆم و ماڵەکەشم سوتابووین.

 

لێدوانی فەرمی: سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت: کارمەندەکان ویستوویانە عەمباری بەنزینخانەکە پڕ بکەن لە نەوتی سپی، بەڵام بە هەڵە لەبری نەوت، بەنزینیان تێکردووە.

 

دەرەنجام: بەهۆی هەڵەی ئەو بەنزینخانەیەوە، 11 خێزان لەبری نەوت، بەنزینیان بردووەتەوە ماڵەوە، هەر بۆیە لایەنە بەرپرسەکان بەنزینخانەکەیان سزاداوە و داخراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە بۆئەوەی ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەری بگیرێتەبەر.

 

باکگراوند: پێشتر خەڵک نەوتی بایعی لە کۆڵان و نزیک ماڵەکانیان وەردەگرت، بەڵام بەهۆی زۆری سکاڵای خەڵک و ناڕێکخراویی پرۆسەکە، بەڕێوەبەرێتی دابەشکردنی سووتەمەندییەکان لە شاری هەولێر، ڕێکارێکی نوێی گرتووەتەبەر بۆ دابەشکردنی نەوت، لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و بە عەداد و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، هەر بۆیە هاوڵاتیان دەبێت بۆ وەرگرتنی نەوتەکانیان سەردانی ئەو بەنزینخانانە بکەن کە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپێردراون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ