بەرگریی شارستانی سۆران: شۆفێران ڕێگاکانی سنوورەکەمان بەکارنەهێنن

شەیری بکە لە:
بەرگریی شارستانی سۆران: شۆفێران ڕێگاکانی سنوورەکەمان بەکارنەهێنن

دیمەنی یەکێک لە ڕێگاکان کە بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگیی هاتووچۆ بۆ شۆفێران دروست بووە

ئاڤا نیوز

 

بەهۆی بەفربارین و بەستەڵەکەوە، بەرگریی شارستانیی سۆران هۆشداریی دەداتە شۆفێران ڕێگاكانی سنوورەكە بەكارنەهێنن، هەتا مەترسییەکانی شەپۆلە سەرماکە تێدەپەڕێت.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی سۆران بڵاوی كردەوە، بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بارینی بەفر و باران ئێستا زۆرینەی ڕێگاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مەترسیدارن و هاتووچۆ لە ڕێگاکانی سۆران بۆ قەزاکانی مێرگەسۆر، چۆمان ، خەلیفان و سیدەکان ڕابگرن و داواش لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

 

زانیاری زیاتر: شێخ دارا، شارەزا و پێشکەشکاری کەشوهەوای ئاڤا میدیا ڕایگەیاند، کاریگەریی ئەو شەپۆلەی دەریای ڕەش کە هاتبووە ناوچەکە، بە بڕی جیاواز بووەتە هۆی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکان، بەفربارینیش لە سەرتاسەری ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە، پلەکانی گەرماش بە نزمی دەمێننەوە، بۆیە شەختە، بەستەلەک، تەم و مژ دروست دەبن، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، هەروەها بەدوور نازانرێت لە ناو شارەکانیش دروست ببن و ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بکەن.

 

ئەمەش بزانە: سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، شێخ دارا وتی، لە حاجی ئۆمەران نزمترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت کە 16 پلەی ژێر سفری سیلیزی دەبێت.

 

باکگراوند: ئیدارەی سۆران، چەندین ڕێگەی ستراتیژیی و دەروازە سنوورییەکان لەخۆی دەگرێت، هەروەها چەندین سەیرانگا و ناوچەی گەشتیاریی تێدایە کە هۆکارن بۆئەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان لەو ناوچانە زۆر بن، هەر بۆیە هۆشداریی دراوەتەوە هاوڵاتیان و شۆفێران بەهۆی سەختی کەشوهەوا ئەو ڕێگایانە بەکار نەهێنن، تا ئەو کاتەی دووبارە ئاگادار دەکرێنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ