محەممەد شوکری: ڕێژەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمدا گەشەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە داڤۆس ڕایگەیاند، بەشداریی وەبەرهێنەرانی کورد لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا ساڵانە لە زیادبووندایە و ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە.

لێدوانی فەرمی: د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە "ماڵی کوردستان" لە داڤۆس ڕایگەیاند: "سێ ساڵە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریداوە کە شاندی وەبەرهێنەران هاوەڵیی شاندی حکومەت بکەن لە هەموو کۆڕبەندە جیهانییەکاندا؛ ئەمە نیشانەی تێڕوانینی جەنابیانە بۆ کردنەوەی دەرگایەکی زۆر فراوان بەڕووی جیهاندا و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی بەشداریی کاریگەریان لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەبێت".

زانیاریی زیاتر: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی یەکجار خێرای بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ڕێژەی مۆڵەتدان بەراورد بە ساڵانی پێشوو 400% زیادی کردووە. تەنها لە ساڵی 2025دا، 210 مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا دراون.

٠ ئامارەکان دەریدەخەن کە قەبارەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمدا، یەکسانە بە 50%ـی تەواوی ئەو وەبەرهێنانەی کە لە هەشت کابینەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چاکسازیی لە ڕێکارە کارگێڕییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و متمانەپێکراو بۆ خاوەنکاران و وەبەرهێنەران.

باکگراوند: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، جەختی لەسەر فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت کردووەتەوە؛ بەشدارییکردنی وەبەرهێنەران لە کۆڕبەندە جیهانییەکان و پێشانگا نێودەوڵەتییەکان وەک بەشێک لەم ستراتیژییەتە هەژمار دەکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی ئابووریی گرنگ و ڕاکێش لە ناوچەکەدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ