دەم پارتی و پارتەکانی تورکیا گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەر ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتی

شەیری بکە لە:
دەم پارتی و پارتەکانی تورکیا گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەر ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتی

هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیا

ئاڤا نیوز 

 

لە کاتێکدا تورکیا نایشارێتەوە ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لەو هێرشانەی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەسەدە دەستیان پێ کردووە، ئەمڕۆ پارتە بەهێزەکانی تورکیا گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەر ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی و ڕاپۆرتەکە سوودمەندبوون لە "مافی هیوا"ش لەخۆ دەگرێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ، 20-1-2026، نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی نووسینی ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆبوویەوە، کە پێکهاتبوون لە جێگری سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئاک پارتی، جەهەپە، دەم پارتی، مەهەپە و بەرەی ڕێگای نوێ، کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ کاتژمێر و 30 خولەکی خایاند. 

 

لێدوانی فەرمی: دوای کۆبوونەوەکە فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە ڕایگەیاند ئەندامانی لیژنەکە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی.

 

فەتی یڵدز باسی لەوە کرد کاری زیاتر لەسەر ڕەشنووسەکە دەکەن و گوتی: هێشتا دیار نییە ڕاپۆرتەکە لە چەند لاپەڕە پێک دێت. پێشنیاز دەکەین یاسایەکی تایبەت بە ڕاپۆرتەکە دەربکرێت.

 

زانیاری زیاتر: بەبێ ئاماژەدان بەوەی کە داخۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لێی سوودمەند دەبێت و بە مەرج ئازاد دەکرێت، فەتی یڵدز باسی لەوە کرد لە ڕاپۆرتەکەدا سوودمەندبوون لە "مافی هیوا" باس دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لیژنەکە کۆدەبێتەوە.

 

باکگراوند: سوودمەندبوون لە مافی هیوا، لەو کاتەوە هاتووەتە بەر باس کە دەوڵەت باخچەلی لە دەستپێشخەرییەکەدا داوای لە ئۆجەلان کرد ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێن، ئەوا زەمینەسازیی دەکەن بۆ ئەوەی لە مافی هیوا سوودمەند بێت، بەشێوەیەکی مەرجدار لە زیندان ئازاد بکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ