ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئابووری لەبارەی بڕینی مووچە ڕوونکردنەوە دەدات

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئابووری لەبارەی بڕینی مووچە ڕوونکردنەوە دەدات

دراوی عێراقی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت، هیچ بڕیارێک بۆ بڕینی هیچ بڕگە و دەرماڵەیەکی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق نییە، بڕیاری هەژمارکردنی بڕوانامەش کە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە، لەڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەوانەی پێش بڕیارەکە ناگرێتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێکی حکومەتی عێراق ناڕەزایی فەرمانبەران بەگشتی و بەتایبەتیش فەرمانبەرانی خوێندنی باڵای عێراقی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانیان کرد، فەرمانبەرانی زانکۆکان دەڵێن، ئەگەر بڕیاری بڕینی دەرماڵەکانیان جێبەجێ بکرێت مووچەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکات.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، جەخت لە ڕاگەیێنراوی پێشوو دەکەینەوە، هیچ بڕگە و دەرماڵەیەکی مووچە نابڕدرێت و بڕیارەکانی پێشووش لەم بارەیەوە تەنیا لە ڕۆژی دەرچوونیانەوە جێبەجێ دەکرێن.

دەشڵێت،  وەزارەتی دارایی داوای لە یەکەکانی خەرجی وەزارەتەکان کردووە لیستی مووچەی تەواوەتی بنێرێن، سەبارەت بە هەژمارکردنی بڕوانامەش بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەوانەی پێش بڕیارەکەش مامەڵەکانیان تەواو بووە بە یاسا و بڕیاری پێشوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

شەیری بکە لە: