تورکیا لە ترسی دروستبوونی شەڕ ناوچەی ئارام لە سنووری ئێران دروست دەکات

شەیری بکە لە:
تورکیا لە ترسی دروستبوونی شەڕ ناوچەی ئارام لە سنووری ئێران دروست دەکات

ئاڵای وڵاتانی ئێران و تورکیا لەسەر سنوور

ئاڤا نیوز

حکومەتی تورکیا پلانێکی ستراتیژیی سێ قۆناغیی بۆ دروستکردنی "ناوچەی پارێزراو" لەناو خاکی ئێران ئامادە دەکات، تاوەکو ڕێگریی لە هەر شەپۆلێکی نوێی کۆچبەریی بگرێت بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی.

لێدوانی فەرمی: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: دەستێوەردان لە کاروباری ئێران دەبێتە هۆی شەپۆلێکی مەزنی کۆچبەریی کە زیان بە تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت، بۆیە تورکیا پێشوەختە سیناریۆکانی خۆی ئامادە کردووە تاوەکو ڕووبەڕووی هەر نائارامییەک ببێتەوە.

زانیاریی زیاتر: بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی نزیک لە حکومەتی ئەنقەرە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سێ سیناریۆی جیاوازی "A, B, C" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێران داڕشتووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئامانجی سەرەکیی پلانەکە هێشتنەوەی پەنابەرانە لە ناو خاکی ئێران لە ئەگەری دروستبوونی شەڕ یان پشێویی ناوخۆیی. ئەنقەرە بە فەرمیی دژایەتیی هەر جۆرە هێرشێکی سەربازیی دەکات بۆ سەر ئێران و سەقامگیریی تاران بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی دەبینێت. هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت لەرێگەی دروستکردنی ئەم ناوچانە لەسەر هێڵی سنووریی، ژێرخانێکی کاتیی بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان دابین بکات تاوەکو نەبنە بارگرانیی بەسەر ئابووریی و ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکەیەوە.

باکگراوند: تورکیا پێشتریش لە باکووری سووریا سیستەمی "ناوچەی ئارام"ی بۆ ڕێگریکردن لە کۆچ و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان تاقی کردووەتەوە. لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەرەو هەڵکشان دەچن و شەڕی ناوخۆیی سووریاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە، تورکیا ترسی هەیە شەپۆلێکی نوێی کۆچبەریی لە سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانیەوە ڕوو لە وڵاتەکەی بکەن، کە ئەمەش وایکردووە پێشوەختە ئامادەکاریی بۆ هەموو سیناریۆیەکی خراپ بکات.

لەلایەکی دیکەوە: لە وەڵامی هەڕەشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیدارەی ترەمپ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان لە "ئەوپەڕی ئامادەباشیدان" بۆ تێپەڕاندنی هەر مەترسییەک و وەڵامدانەوەی هەر جووڵەیەکی دوژمنکارانە کە ئاسایشی خاکی ئێران و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ